سهرۆكی حکوومەت پێشوازى له نوێنهرى تایبهتی سكرتێرى گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان له عێراق بە وەکالەت کرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرینگی دەزانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "ئازادانە و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری" بکرێت.
چوارشەممە، 21-08-2024، مەسروور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە کلاودیۆ کۆردۆن، نوێنهرى تایبهتی سكرتێرى گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان له عێراق بە وەکالەت کرد.
بە گوێرەی ڕاگەێندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، "بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".
نوێنهرى تایبهتی سكرتێرى گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان له عێراق بە وەکالەت، "سوپاسی پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئامادەکارییەکان و هەماهەنگیکردنی باشی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەپێناو ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن".
سەرۆکی حکوومەت، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەێندراوەکەدا هاتووە، "ئاماژەی بە گرینگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازادانە و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری کرد، بۆ ئەم مەبەستەش جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی کردەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی کارا چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت".
ئەم بابەتە 10283 جار خوێندراوەتەوە