سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق : سه‌رژمێری هه‌موو ڕێگاكانی خزمه‌تگوزاری و گه‌شه‌پێدان و پلانی وه‌به‌رهێنان ڕاست دەکاتەوە

پەیامی کورد   ...   سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق : سه‌رژمێری هه‌موو ڕێگاكانی خزمه‌تگوزاری و گه‌شه‌پێدان و پلانی وه‌به‌رهێنان ڕاست دەکاتەوە

عه‌توان عه‌توانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپاتی كرده‌وه‌، "سه‌رژمێری دانیشتوان وامان لێده‌كات هه‌موو ڕێگاكانی خزمه‌تگوزاری و گه‌شه‌پێدان و پلانی وه‌به‌رهێنان ڕاست بكه‌ینه‌وه‌" و راشیگه‌یاند، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ پێوه‌رێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ دابه‌شكردنی سه‌رچاوه‌ و ته‌رخانكردنی دارایی له‌ نێوان پارێزگاكان.

عه‌توان عه‌توانی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، چاوه‌ڕوانین له‌ ماوه‌ی دو ڕۆژی داهاتودا، سه‌رژمێری دانیشتوان له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی ووڵات به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، دوای 37 ساڵ له‌ سه‌رژمێری ڕابردو كه‌ له‌ عێراق ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ ده‌دات به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی كارایی پرۆسه‌ی پلاندانان".

ووتیشی، "سه‌ركه‌وتنی سه‌رژمێری دانیشتوان وامان لێده‌كات هه‌موو ڕێگاكانی خزمه‌تگوزاری و گه‌شه‌پێدان و پلانی وه‌به‌رهێنان ڕاست بكه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها باقی كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ئه‌وانی تریش، به‌و پێیه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی و خزمه‌تگوزاری پێویستی به‌ دابینكردنی داتای جێی متمانه‌ و وورد هه‌یه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "سه‌رژمێری پێوه‌رێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ دابه‌شكردنی سه‌رچاوه‌ و ته‌رخانكردنی دارایی له‌ نێوان پارێزگاكان، له‌ ڕێگه‌ی داتابه‌یسی ووردی سه‌رژمێری دانیشتوانه‌وه‌، تێپه‌ڕاندنی ئه‌و خه‌مڵاندن و پرۆسه‌ی خه‌مڵاندنه‌ كه‌ به‌ درێژایی ساڵانی پێشوو په‌سه‌ندكرابون".
عه‌توان عه‌توانی ڕوونیشی كرده‌وه‌، "ئه‌وه‌ی وامان لێده‌كات حه‌ز به‌ هاندانی هاووڵاتیان و بانگهێشت كردنیان بۆ به‌شداریكردنی به‌هێز و به‌رده‌وام له‌ سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان دا بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م پڕۆژه‌ نیشتمانییه‌ ده‌رفه‌تێكی مێژویی بۆ بونیاتنانی عێراقێكی به‌هێز و ئاوه‌دانه‌".
ده‌شڵێت، "داوا له‌ خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزمان ده‌كه‌ین كه‌ چالاكانه‌ به‌شداری بكه‌ن و هه‌موو جۆره‌ پاڵپشتییه‌ك پێشكه‌ش به‌ تیمه‌كان بكه‌ن كه‌ ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها داتای درووست و ڕاسته‌قینه‌ به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ فۆڕمی سه‌رژمێریه‌كه‌دا هاتووه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن، چوونكه‌ ئه‌مه‌ خاڵی ده‌ستپێكه‌ به‌ره‌و دامه‌زراندنی درووستی حوكمڕانی باش و ئابوورییه‌كی تۆكمه‌".


ئەم بابەتە 19 جار خوێندراوەتەوە