سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان : هێشتا تیرۆر و تووندڕه‌وى هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌قینه‌ن

پەیامی کورد   ...   سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان : هێشتا تیرۆر و تووندڕه‌وى هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌قینه‌ن

16/11/2024، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوونی خولی چواره‌می پێگه‌یاندنی ئه‌فسه‌راندا له‌ كۆلێژی سه‌ربازی قه‌ڵاچوالان دا كرد.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ شێخ جه‌غفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی و خێزان و كه‌سوكاری ده‌رچووان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ووته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

دەرچووانی خۆشەویست،

دایك وباوك كه‌س وكاری ئازیزی ده‌رچووان،

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز

ڕۆژتان باش

هه‌موو لایه‌كتان به‌ خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى چواره‌مى پێگه‌یاندنى ئه‌فسه‌ران له‌ كۆلێژى سه‌ربازی قه‌ڵاچوالان

به‌خێرهاتنێكی تایبه‌تی شاناز خان، خاتوونی یه‌كه‌می عێراق ده‌كه‌م كه‌ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شداره‌، زۆر به‌خێر بێت.

جێى شانازى و خۆشحاڵییه‌كى زۆرى هه‌موومانه،‌ لە سایه‌ى ئەم دامەزراوە سەربازییە پێشكه‌وتووه‌دا، بەشداری له‌ ئاهەنگی دەرچوونی پۆلێکی نوێی پارێزەرانی نیشتمان و به‌شێكى گرنگ و سه‌ره‌كى له‌ درووستکەرانی داهاتووی گەشی کوردستان و عیراق، ده‌كه‌ین. ئەمڕۆ ڕۆژێکی تایبه‌ته‌ بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق، کە بەرهەمی ماندووبوون و ڕه‌نجى گەورەی دەرچووان و مامۆستایانی بەڕێزیان، دەبینین

زۆر خۆشحاڵم كه‌ ده‌بینم (769) گه‌نجى ووڵاته‌كه‌مان، به‌ گوڕوتینێكى نوێوه‌، چه‌كدار به‌ زانست و دیسپلینى سه‌ربازى، له‌م كۆلێژه‌ به‌ توانایه‌ ده‌رده‌چن. ئه‌وه‌ى زیاتر بۆ هه‌موومان مایه‌ى خۆشحاڵى و شانازییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌‌ (48) ده‌رچووان له‌وانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌رچوون، خانمن. ئه‌وان، ئێستا، دواى نۆ مانگ خوێندن و ڕاهێنان ده‌رده‌چن و پله‌ى مولازم وه‌رده‌گرن. خوێنێكى نوێ به‌ به‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستاندا ده‌كه‌ن. دڵنیاین، ئێستا كه‌ خه‌ڵكى كوردستان ئه‌م دیمه‌نانه‌ ده‌بینن، به‌ شانازییه‌وه‌، هه‌ست به‌ سه‌ربه‌رزى ده‌كه‌ن

له‌ دڵه‌وه‌، گەرمترین پیرۆزبایی و دەستخۆشی پێشکەش بە دەرچووانی ئازیز و خێزانه‌كانیان دەکەم کە لە ته‌واوی ڕێگای خوێندن و ڕاهێنانیاندا، پاڵپشت و هاندەریان بوون. هەروەها، سوپاس و پێزانینی تایبەت و بێ پایانی خۆم پێشکەش بە مامۆستایانى دڵسۆز و ماندوونەناس و به‌رپرسانى کۆلێژی سەربازی دەکەم، بۆ هەوڵى بەردەوام و بێوچانیان لە ئامادەکردن و پێگەیاندنی ئەم نەوە ئومێدبه‌خشه‌ و دڵسۆزه‌ بۆ كوردستان و عێراق

دەرچووانی خۆشەویست و ئازیز،

خواست و بژارده‌ى ئێوە بۆ په‌یوه‌ندیكردن بە کۆلێژی سەربازییه‌وه‌، دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، نیشانەی دڵسۆزى و پێگەیشتنی فیکری و هەستی قووڵى نیشتمانى و بەرپرسیارێتیی بەرزى ئێوه‌یه‌. ئێوە ڕێگای ئاسانتان هەڵنەبژاردووە، بەڵکو ڕێگایه‌كی سه‌ختى شکۆ و سەربەرزیتان هەڵبژاردووە كه‌ ڕێگای خزمەتكردنی نیشتمان و پاراستنی دەستکەوت و بەها باڵاكانى گەلەکەمانه‌

خوێندن و پێشینەی ئەکادیمی و پسپۆڕی زانستیتان، سەرمایەیەکی زۆر گەورەیە له‌ ژیانتان دا. بێگومان، هێزە چەکدارەکانمان دەوڵەمەند دەکات. توانا و لێهاتوویییان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی سەردەم و داهاتوو، بەهێزتر و بەرزتر دەکاتەوە. ئەمە سەرەتای وەرچەرخانێکی گرینگ و پێویستە، لە مێژووی پێشمه‌رگایه‌تى و هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستاندا

بە تایبەتی و بە شانازییەکی زۆرەوە، بەشداری كچان و ژنانی کوردستانی لە ڕیزەکانی پێشمه‌رگه‌ و هێزە چەکدارەکانمان، له‌م ڕۆژه‌دا بەرز دەنرخێنم. ئافره‌تانى کوردستان، بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلەکەمان، سەلماندوویانه‌ کە هاوبەشی سەرەکی و کاریگەرن لە بونیاتنانی نیشتمان و بەرگریکردن لە خاک و ووڵات

له‌مپێناوه‌دا، قوربانی زۆریان داوه‌ كه‌ مایه‌ى ڕێز و شانازین. بوونى ژن لە دامەزراوەی سەربازى و ئه‌منیدا، تەنها نیشانەی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکەمان نییە، بەڵکو بەڵگەی باوەڕی قووڵی ئێمەیە بە یەکسانی و دادپەروەری و هاوبەشی ڕاستەقینە، لە هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی نیشتمانی و ئه‌ركه‌ گرنگەکاندا

مێژووی پێشمەرگە، تۆمارێکی زێڕین و پڕ شانازییە لە قارەمانێتی، فیداکاری و قوربانیدان له‌پێناو كوردستان. لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، پێشمه‌رگه‌، ئەم هێزە شكۆداره‌، بەردەوام قەڵغانێکی پۆڵایین و پتەو بووە، بۆ پاراستنی كوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانی. بە درێژاییی دەیان ساڵی ڕابردوو، شەڕی بەرگریکردن لە ئازادی، مافە ڕەواکان و شكۆى گەلى كوردستانیان کردووە. کاروانێکی درێژی شەهیدانی سەربەرز و قارەمانیان پێشکەش به‌ كوردستان کردووە. ئەمڕۆش بە هەمان گیانی نیشتمانپەروەری و فیداکارییەوە، لە پاراستنی دەستکەوتە دیموکراسی و دەستوورییەکانی گەلەکەمان، بەردەوامن و كۆڵ ناده‌ن

له‌م ڕۆژه‌دا سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه‌ داده‌نوێنین كه‌ له‌پێناو به‌رگریكرن له‌ كوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانیدا، خوێنی خۆیان به‌خشی، هه‌میشه‌ یادیان به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌.

ده‌رچووانى ئازیز،

کچان و کوڕانی خۆشه‌ویست،

دەرچوونی ئەمڕۆتان کۆتاییی ڕێگا نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێ و گرنگى ژیانتانه‌. سەرەتای ڕێگایەکی پڕ لە بەخشین، له‌ قوربانی و خزمەتکردن بە گەل و نیشتمان‌. ئەو زانست و زانیاری و ئەزموونانەی کە لەم کۆلێژە ڕه‌سه‌نه‌دا بەدەستتان هێناوە، چەک و ئامرازێکی بەهێزن، بۆ خزمەتکردنی نیشتمان و گەلەکەتان. بەشدارى و په‌یوه‌ندیكردنتان بە دامەزراوەی سەربازییه‌وه‌، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نیشتمانیی گەورە، دەخاتە سەر شانتان بۆ پاراستنی ئاسایش، ئارامی و سەقامگیریی وڵاته‌كه‌مان

هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا یادی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌رز ده‌نرخێنین كه‌ له‌ ساڵی 1992ه‌وه‌ بیری له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ تا ئه‌م كۆلێژه‌ سه‌ربازییه‌ دابمه‌زرێت له‌پێناو خزمه‌تكردنی كوردستان، له‌پێناو خزمه‌تكردنی وڵاتدا.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان باوەڕێکی قووڵ و پتەومان هەیە کە پێشمه‌رگه‌ و هێزە چەکدارەکانمان، دەبێت و پێویسته‌ دامەزراوەیەکی نیشتمانی و پیشەییی سەربەخۆ بن. دوور بن لە هەموو جۆرە ناكۆكى و ململانێی سیاسی و حزبی. ئەم هێزانە، ده‌بێ سەر بە نیشتمان و سه‌ر به‌ گەلی کوردستان بن، بە هەموو پێکهاتە جیاوازه‌كانی كوردستانه‌وه‌.

هەروەها پێشمه‌رگه‌ بەشێکی گرنگ و سەرەکین لە سیستەمی بەرگریی عێراقی. بۆیه‌ ئه‌ركى عێراقه‌، له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ پشتگیری بكات بۆ به‌هێزكردنی پێشمه‌رگه‌. ئێمە بە شێوەیەکی بەردەوام و جددی، کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی توانا و پەرەپێدانی کارامەیی و لێهاتووییی پێشمه‌رگه‌، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە، ڕووبەڕووی هەموو ئاڵنگاری و هەڕەشەیەک ببنەوە و وه‌ك هه‌میشه‌ قه‌ڵغانى پۆڵایینى پاراستنى كوردستان بن

پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان و هێزەکانمان لە شەڕی دژەتیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا، بە کردەوە و به‌ خوێنی خۆیان سەلماندیان کە لە ئاستی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و نیشتمانیدان. خوێنی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی كوردستاندا تێكه‌ڵ بوو، یه‌ك كه‌س پرسیاری نه‌ده‌كرد كامه‌ سه‌وزه، كامه‌ زه‌رده‌، هه‌موویان له‌پێناو خزمه‌تكردن به‌ وڵات و له‌پێناو خزمه‌تكردن به‌ كوردستاندا خوێنیان به‌خشی، فیداكارییان كرد و خه‌باتیان كرد. نموونەیەکی باش و بێوێنەیان پێشکەش کرد، لە قاره‌مانێتى، پیشەگەری، ئازایەتی، گیانی قوربانیدان و فیداکاری بۆ وڵات. له‌م قۆناغه‌شدا كه‌ هێشتا تیرۆر و توندڕه‌وى، هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌قینه‌ن، جه‌خت له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى هه‌ماهه‌نگى و هاریكاریى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق و هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ینه‌وه‌

هه‌روه‌ها پێویستە له‌م ڕۆژه‌دا سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان دووپات بكه‌ینه‌وه‌ بۆ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعش، بۆ پشتگیری و هاوکاریی بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. پێزانینی تایبەتمان هەیە بۆ یارمه‌تیدان و پشتگیرییان لە هەوڵەکانی چاکسازی و یەکخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ هێزێكی نیشتمانی و پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان بن به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌.

ڕاسته‌ له‌م قۆناغه‌ و له‌م ڕێگه‌یه‌دا كێشه‌ و گرفت له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌دا هه‌ن، به‌ڵام وێڕاى هه‌موو شتێك، هه‌نگاوه‌كان ڕاسته‌ هێواشن، به‌ڵام به‌ره‌وپێشچوونێكی باش هه‌یه‌‌. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌، گه‌لى كوردستان و دۆستانمان له‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئیراده‌ و خواستى جدییمان هه‌یه‌ و تا سه‌ركه‌وتن و یه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌، كۆڵ ناده‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین

خوشک و برایانی بەڕێز،

كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى دەکه‌ن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ و کێشە هەرێمییەکان دەکەینەوە. عێراق پێویستی بە ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوامە، نەک تەنگژە و ناکۆکی و ململانێى زیاتر

دواى مێژوویه‌كى پڕ له‌ ئازار، پڕ له‌ مه‌ینه‌تى و وێرانكارى، به‌ ده‌ستى جه‌نگ و شه‌ڕه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانه‌وه‌، عێراق ئێستا پێویستی به‌ ئارامى و سه‌قامگیرى هه‌یه‌. بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت خێروبێر و ده‌وڵه‌مه‌ندیى وڵاته‌كه‌یان، بۆ بنیاتنانه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان و پێشخستنى هه‌موو كه‌رته‌كانى ژیان، به‌كار بهێنێت‌. خه‌ڵكى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ هه‌موو ناوچه‌كانیانه‌وه‌، شایانى ژیان و خزمه‌تگوزاریى زیاترن، نه‌ك تێوه‌گلان له‌ ئاڵۆزى و ئاشووبه‌كان كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن.

لێره‌وه‌، دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ فاكته‌رى ئارامى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌ستى هاریكارى بۆ هه‌موو لایه‌ك درێژ ده‌كات، له‌پێناو پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ى هه‌مووان

ئەزموونی دەیان ساڵەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، فێری کردووین کە دیالۆگ، لێکگەیشتن و دانوستانی بەردەوام، تەنها ڕێگەی گونجاو و دروستن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان. ئێمە باوەڕمان وایە کە پته‌وكردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا، گەرەنتیی ڕاستەقینەن بۆ بنیاتنانی عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵ کە ڕێز لە فرەیی و جیاوازییەکان بگرێت و ماف و ئازادییەکانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت

به‌ڕێزان،

به‌ ڕه‌چاوكردنى قۆناغی سیاسیی هەستیاری دوای هەڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو بوو، نزیكه‌ی حه‌فتا و دوو له‌ سه‌دی گه‌لی كوردستان به‌شدارییان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا كرد كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك سه‌ركه‌وتنی كوردستان بوو، داوا لە هەموو هێزە سیاسییە براوەکان دەکەم کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێكه‌وه‌ دابنێن. گفتوگۆیه‌كى جددی، بەرپرسیارانە و بنیاتنەر دەست پێبکەن، بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و کارا. حكوومه‌تێك کە وه‌ڵامگۆى چاوه‌ڕوانییه‌كانى خه‌ڵك بێت. بتوانێت سەرکەوتووانه‌ ڕووبەڕووی مه‌ترسى و ئاڵنگارییەكانى ئێستا و داهاتوو ببێتەوە

هەروەها جەخت لەسەر پێویستى و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا دەکەمه‌وه‌. عێراقێك كه‌ بتوانێت به‌رگه‌ى مه‌ترسییه‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه‌ بگرێت، پێویسته‌ بێ جیاوازى، عێراقى هه‌موو پێكهاته‌كان‌ بێت. عێراقێك كه‌ بتوانێت له‌ڕووی كرده‌یییه‌وه‌ بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، هه‌مووان هه‌ست بكه‌ن له‌ بڕیاردان و به‌ڕێوه‌بردنى سیاسى و كارگێڕیى وڵاتدا، هه‌م له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌م له‌ عێراقیشدا وه‌ك یه‌ك، به‌شدار و هاوبه‌شن و خۆیان به‌ خاوه‌نى عێراق بزانن

جارێکی تر له‌ دڵمه‌وه‌، پیرۆزبایی له‌ دەرچووان و خێزان و كه‌سوكارى بەڕێزیان دەکەم. سوپاس و پێزانینی تایبەت، بۆ فه‌رمانده‌ و به‌رپرسانى کۆلێژی سەربازی قه‌ڵاچوالان و هەموو یه‌ك به‌ یه‌ك مامۆستایان و ڕاهێنەران، بۆ هەوڵى دڵسۆزانەیان و ماندووبوونی بەردەوامیان، لە ئامادەکردنی ئەم نەوە نیشتمانپەروەرە كه‌ ئومێدی كوردستان و داهاتووی ووڵاته‌كه‌مانن.

هیوادارم هه‌موو لایه‌كتان سەرکەوتوو بن لە خزمەتکردنی نیشتمان و گەلەکەمان. له‌ پاراستنى ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى، له‌ بره‌ودان به‌ كولتوورى جوانى یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى له‌ كوردستانی عێراقدا كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ ڕێگه‌مانه‌ بۆ داهاتوو‌. خواى مه‌زن وڵاته‌كه‌مان بپارێزێت

سڵاو و دروود له‌ گیانى پاكى شه‌هیدان

سڵاو له‌ ئێوه‌ و هیواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوام،

هه‌موولایه‌كتان به‌خێر بێن، زۆر سوپاس..


ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە