سهرۆك بارزانى : دەمەوێ بە ڕاشكاوانە بێمە سەر بابەتی كێشەی نەتەوەی كورد
پەیامی کورد ... سهرۆك بارزانى : دەمەوێ بە ڕاشكاوانە بێمە سەر بابەتی كێشەی نەتەوەی كورد
سهرۆك بارزانى، له ووتارێكدا له پێنجهمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە 'مێپس'، ڕایگهیاند، سوپاسێكى گهرمى گهلى كوردستان دهكهم كه سهرى ئێمهیان بهرز كرد و له ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان پیشانیان دا كه ههست به بهرپرسیارییەتى دهكهن له كاتى پێویستدا، ههروهها له بارهى گفتوگۆ كردنی لایەنەكانهوه ووتی، لەم ڕۆژانە ئینشائەڵا دوای ئەوەی كە ئەنجامەكان بە شێوەیەكی فەرمی لە لایەن كۆمیسیۆنەوە رادەگەێندرێن، دەست بە گفتوگۆ دەكرێ لە نێوان هەموو لایەنەكان".
سهرۆك مهسعوود بارزانى، له پێنجهمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە 'مێپس'، ڕایگهیاند: "بەڕێزان لە هەرێمی كوردستان، پێش نزیكەی مانگێك، هەڵبژاردنێكی مێژوویی ئەنجام درا، پێشبینی هەموو لایەك ئەوە بوو كە ئەم هەڵبژاردنە ناكرێ یان ئەگەر بكرێ گرفتی زۆر دێتە پێش، بەڵام لێرەدا من بە پێویستی دەزانم سوپاسێكی گەرمی گەلی كوردستان بكەم، سەری ئێمەیان بەرز كرد و پیشانیشیان دا كە هەست بە بەرپرسیارییەتی دەكەن لە كاتی پێویستدا، هەڵبژاردنێك كە 72%ی خەڵكی كوردستان بەشدار بوون تێیدا و ئەنجامەكانیشی مەعلووم بوون. ئیتر ئێمە ئومێدەوارین كە لەمەودوا هەموو لایەك مامەڵە لەگەڵ شەرعیەت بكەن، ئەو شەرعیەتەی كە میللەت داویەتی. هەنگاوی داهاتوو هەر لەم ڕۆژانە ئینشائەڵا دوای ئەوەی كە ئەنجامەكان بە شێوەیەكی فەرمی لە لایەن كۆمسیۆنەوە رادەگەیەندرێن، دەست بە گفتوگۆ دەكرێ لە نێوان هەموو لایەنەكان، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر پەرلەمان دەست بەكار بێ و هەنگاوەكانی تریشی بەدوادا بێت. ئومێدەوارین هەمووتان پشتگیریمان بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو (یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە) لە كوردستان هەبێت.
سهرۆك بارزانى ههروهها، ڕایگهیاند: "بە خۆشحاڵییەوە كە دوێنێ و پێرێ بوو، ئەو سەرژمێرییەی سەرتاسەری بوو لە عێراق، جەخت كراوە و زەمانەتیش دراوە كە ئەمە هیچ مەبەستێكی سیاسی لە دوای نابێت و هیچ کاریگەرییەكیشی نابێت لەسەر ناوچەكانی ماددەی 140، بەڵام ئەمە بەڕاستی بەرچاوڕوونییەكی زۆر دەبێت بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئەوەی پلانەكانی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و زانستییانە دابڕێژێت بۆ لەمەودوا."
سهرۆك بارزانى، له درێژهى ووتارهكهیدا بۆ ئامادهبووانى پێنجهمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە 'مێپس'، ووتیشی: "بەڕێزان دەمەوێ تۆزێك بە ڕاشكاوانە بێمە سەر بابەتی كێشەی نەتەوەی كورد، هەموومان دەزانین دوای جەنگی جیهانی یەكەم، ئەو دابەشكردنەی كە سەرلەنوێ ئەنجام درا لە ناوچەكە، باوەڕ ناكەم بە دڵی هیچ كام بێت، هی نەتەوەیەك، نە عەرەب، نە كورد، نە تورك، نە فارس، واقیعێك بوو و فەرز كرا، بەڵام لێرەدا غەدر و زوڵمی گەورە بە بەر كورد كەوت. 100 ساڵ ئینكاری هەبوونی نەتەوەی كورد كرا، كوردیش 100 ساڵ بەرخودانی كرد، نە ئینكاری هەبوونی كورد، نە كوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێت، ئەمە چیمان پێ دەڵێ؟ دەڵێ دەبێ دانیشین و بیر لە چارەسەری ئاشتییانە و برایانە و ڕێز لە یەكتریكردن و یەكتری قەبووڵكردن بكەینەوە، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە".
ههروهها، ووتیشی: "ئاسایییە ناكرێ ئێمە بڵێین ئەگەر لە پارچەیەك چارەسەرێك دۆزرایەوە دەبێ ئەمە ببێتە فۆتۆكۆپی هەموو ناوچەكانی تر، هەر ناوچەیەك تایبەتمەندی خۆی بۆ درووست بووە و دۆخی كوردستانی عێراق جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی تر، بەڵام ئێمە زۆر زۆر خۆشحاڵین كە دەبینین دیسان دەنگ وباسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێكردووەتەوە و لە هەر كوێیەك، هەر چارەسەرێك بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئێمە بە هەموو توانایەك پشتگیری دەكەین و لەگەڵی دەبین".
له كۆتایی ووتارهكهیدا، ووتی: "لە كۆتایی دا، بۆم دەركەوتووە لە ئەزموونی خۆم، ئەگەر بڕوامان بە خۆمان نەبێ، خۆمان نەبین، ئامادە نەبین بۆ هەموو فیداكارییەك، كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات. لە كاتێكدا دۆستەكانی ئێمە دەتوانن پشتگیری ئێمە بكەن، كە خۆشمان هەبین و بزانین چ دەكەین. لە هەمان كاتیشدا دەبێ واقیع بین بین و دەبێ بزانین هەنگاو بۆ كوێ دەنێین".
ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە