سهرۆك بارزانی پیرۆزبایی له هەردوو ڕێكخراوی یهكیتی قوتابیان و لاوانی كوردستان کرد
پەیامی کورد ... سهرۆك بارزانی پیرۆزبایی له هەردوو ڕێكخراوی یهكیتی قوتابیان و لاوانی كوردستان کرد
سهرۆك مەسعوود بارزانی، لە پەیامێکدا ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکیتی قوتابیانی کوردستان و یەکیتی لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆز دەکات و دەڵێت، ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی ئازیز هەیە كە پابەندی بەها بەرزەكانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بن و لەهەمان كاتیشدا بە چەكی زانست و داهێنان كار بۆ پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی ٧٢ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكیتی قوتابیانی كوردستان و یەكیتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان و ھەموو قوتابی و لاوانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
قوتابیان و لاوانی کوردستان هەر لە ساتی دامهزراندنی رێکخراوهکهیانهوه و لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول هەتا ئێستا ڕۆڵی بەرچاویان لە خەباتی گەلەكەمان هەبووە. هەردوو ڕێكخراو قوتابخانەی پێگەیاندنی ڕۆڵەی هۆشیار و بوێر و سەركردەی بە توانا و، شوێنگەی پەروەردەبوونی وزە و هەناسەی نوێ بوونە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان. لاوان و قوتابیان لە ڕێگەی خەبات و تێكۆشانی خۆیاندا شەهید و قوربانیان داوە.
لەو یادەدا ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی ئازیز هەیە كە پابەندی بەها بەرزەكانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بن و لەهەمان كاتیشدا بە چەكی زانست و داهێنان كار بۆ پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن. یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكیتی لاوانی دیموكراتی كوردستان هەمیشە جێگەی ئومێدن و دەبێ هەردەم لەئاست چاوەڕوانی كۆمەڵگە و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستاندا بن.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی
مەسعوود بارزانی
18ـی شوباتی 2025
ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە