"سوودانی دەچێتە ئەمریکا ... " پێکھاتە سەرەکییەکان ئەندامی شاندەکە دەبن"
پەیامی کورد ... "سوودانی دەچێتە ئەمریکا ... " پێکھاتە سەرەکییەکان ئەندامی شاندەکە دەبن"
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ووتی: شاندی حکوومەتی عێراق بۆ ئەمریکا نوێنەری ھەر سێ پێکھاتە سەرەکییەکەی عێراقی تێدا دەبێت و مانەوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆ دەبێت.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند : بڕیارە ١٥ی مانگی داھاتوو شاندێکی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکەن، بڕیارە شاندەکە نوێنەری ھەر سێ پێکھاتەی سەرەکی عێراقی تێدا بێت، ئەوانیش کورد و سوننە و شیعەن، ھەر پێکھاتەیەکیش لە بارەی ھەر پرسێک ڕای خۆی دەبێت، چونکە بڕیارە سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ئەوانیش ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و پرسی ووزە و پرسی ئابوورین.
سەگڤان سندی ووتیشی: بابەتی سەرەکی بەرنامەی سەردانەکە پرسی ئەمنی نێوان عێراق و ئەمریکایە و گفتوگۆی چڕی لەبارەوە دەکرێت، لەوێش نوێنەری پێکھاتەکان ڕای خۆیان لەسەر ئەو پرسە دەخەنە ڕوو.
سندی باسی لەوەش کرد: بڕیاردراوە شاندێکی حکوومەتی عێراق بچێتە ئەمریکا، وادەی سەردانەکەش دیاری کراوە و بڕیارە ھەر سێ پێکھاتە بەشداری شاندەکە بکەن، بەڵام تا ئێستا ئەندامانی شاندەکە دیار نەکراون، چاوەڕێ دەکرێت ئەندامەکان دیاری بکرێن و شاندەکە ئامادەبێت چوونکە دەبێت لە ١٥ی مانگی چوار لەواشینتۆن بن.
ئەم بابەتە 96346 جار خوێندراوەتەوە