سکرتێری یەکیتی لاوان : لاوانی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەرییان لەناو حکوومەتدا هەیە

پەیامی کورد   ...   سکرتێری یەکیتی لاوان : لاوانی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەرییان لەناو حکوومەتدا هەیە

سکرتێری یەکیتی لاوانی دیموکراتی کوردستان ووتی، لە ھەرێمی کوردستان حکوومەت گرینگییەکی زۆری بە لاوان داوە و لە ئێستادا زۆرینەی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەت لاون و ڕۆڵێکی کاریگەرییان ھەیە لە پاڵپشتیکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی حکوومەت خۆی ئاماژەی بە رۆڵی ئەوان کردووە کە چەند ھاوکار بوونە بۆ کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

مەیسەر نھێلی، سکرتێری یەکیتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند : "ئەمڕۆ رۆژی جیھانی لاوانە و ئەم ڕۆژە لە ھەموو لاوان پیرۆز دەکەین و یەکیتی لاوانیش لەسەر راسپاردەی بارزانی باوک دامەزراوە و لەو رۆژەوە تا ئێستا لە قۆناغی جیاجیا بەردەوام بووە لە خەباتکردن، ھەر لە قۆناغی خەباتی پێشمەرگایەتی تا ئێستا کە قۆناغی ئەنجامدانی چالاکییە، بۆیە لەم قۆناغەدا کۆمەڵێک چالاکی و کاری باشمان کردووە".
نهێلی ووتیشی: "ھەموو رۆژێک لای ئێمە رۆژی لاوانە بە ھۆی ئەنجامدانی کار و چالاکی بەردەوام، وەکوو فێستیڤاڵی وەرزشی و فێستیڤاڵی ھونەری و کاری رۆشنبیری و کردنەوەی خێوەتگا و پەیوەندی لەگەڵ ووڵاتانی جیاجیا و پێکھێنانی ئەنجوومەنی لاوان کە ھەموو لایەنەکان تێیدا بەشدارن و سەردانی سەرۆک بارزانیشمان کرد و لەسەر راسپاردەی جەنابیان پێشنیازی چەند چالاکییەکی کرد بۆ ھەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتە سیاسییەکان لە هۆتێلی شیراتۆن لەبارەی خاڵە ھاوبەشەکانی  نێوان لایەنەکان، بۆیە لەسەر کار و خەباتی خۆمان بەردەوامین".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "لە بواری تەکنۆلۆژیاش پارساڵ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیداری لاوان ئەنجام درا و ھەزار و ٥٠٠ لاو بەشدار بوون و شەش پانێڵی لەخۆ گرت، لەبارەی پڕۆژەی گەنجان بۆ ژینگەپارێزی و ھەلی کار و سۆشیال میدیا و بواری دیکە پێشکەش کران، بۆیە ئەمڕۆش لە دھۆک پانێڵێک ئەنجام دەدرێت بۆ ماڵی لاوان، کە چیرۆکی پێنج لاوی سەرکەوتوو باس دەکرێت چۆن توانییان پشت بە خۆیان ببەستن".
دەشڵێ: "وەکوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش توانیویانە بەپێی توانا گرینگی بە توانای لاوان بدەن، بە تایبەت لەم کابینەیەدا گرینگییەکی زۆر بە لاوان دراوە و زۆربەی بەرپرسانمان لاون و گرووپێکی گەنجان کار لەسەر بەدیجیتاڵ کردنی حکوومەت دەکەن بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی و چاکسازی، ئەو گرووپەی گەنجانیش سەرۆکی حکوومەت خۆی ئاماژەی پێ دا کە رۆڵێکی کاریگەرییان ھەیە و توانیویانە ببنە پاڵپشتێکی گەورە بۆ حکوومەت".
ساڵانە 12ی 8 وەکو رۆژی جیھانی لاوان دیاری کراوە و لەم رۆژەدا لە ھەرێمی کوردستانیش چالاکی جۆراوجۆر لەلایەن یەکیتی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێن.


ئەم بابەتە 11820 جار خوێندراوەتەوە