سیداد بارزانی : سه‌رۆك بارزانی مه‌به‌ستی بوو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ ناوی دایك بێت

پەیامی کورد   ...   سیداد بارزانی : سه‌رۆك بارزانی مه‌به‌ستی بوو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ ناوی دایك بێت

سیداد بارزانی ئاماژه‌ به‌ ڕۆڵی باڵه‌كایه‌تی له‌ شۆڕشه‌كانی كورد ده‌كات، هاوكات ده‌ڵێت، كۆمه‌ڵگه‌ی دایك له‌ سۆران له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و به‌دواداچوونی ڕاسته‌وخۆ و به‌رده‌وامی سه‌رۆك بارزانی بونیات نراوه‌.

سیداد بارزانی، نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی، له‌ میانەی پێشكه‌شكردنی وتارێك له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دایك له‌ سۆران گوتی، ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و به‌دواداچوونی ڕاسته‌وخۆ و به‌رده‌وامی سه‌رۆك بارزانی بونیات نراوه‌ و سه‌رۆك بارزانی مه‌به‌ستی بوو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ ناوی دایك بێت، وه‌كوو وه‌فایه‌ك بۆ دایكه‌ حه‌مایل و سه‌رجه‌م دایكانی شه‌هید و ئه‌نفال و دایكانی جگه‌رسووتاوی كوردستان كه‌ به‌رگه‌ی ڕه‌نج و زه‌حمه‌تی و ئاواره‌یی یان گرتووه‌.

سیداد بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران به‌ شێوه‌ی ئه‌كادیمی و زانستی ناوه‌ندی خوێندن بۆ نابیستان و نابینایان و سه‌نته‌ری ئۆتیزم ده‌كرێته‌وه‌.

نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی باسی له‌وه‌ش كرد، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ژماره‌ی به‌ساڵاچووان كه‌مه‌ و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشتیش نییه‌.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، كۆمه‌ڵه‌ له‌ ئێستادا له‌ بری به‌شی به‌ساڵاچووان و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت، كار بۆ فره‌وانكردنی به‌شی ئۆتیزم ده‌كات و گرینگی زیاتر به‌ نه‌خۆشییه‌ زكماكییه‌كان ده‌دات.

سیداد بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌، ڕۆڵی باڵه‌كایه‌تی له‌ شۆڕشه‌كانی كورددا به‌تایبه‌تی له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول ڕۆڵێكی گه‌وره‌ و كاریگه‌ر بووه‌.

یەكشەممە، 08-09-2024، کۆمەڵگەی دایک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەلایەن مەلا مستەفا بارزانی و سیداد بارزانییەوە کرایەوە کە لەسەر ئەرکی سەرۆک بارزانی بونیات نراوە.

کۆمەڵگەکە تایبەت دەبێت بە كه‌سانی خاوه‌ن پێدوایستی و لێقه‌وماو، له‌ شه‌ش باڵه‌خانه‌ی تایبه‌ت به‌ (په‌یمانگه‌ی نابینایان، په‌یمانگه‌ی نابیستان، سه‌نته‌ری ئۆتیزم، خانه‌ی بێ سه‌رپه‌رشتان، خانه‌ی به‌ساڵاچووان، خانه‌ی كه‌لتووری) پێک دێت.

خاوه‌نداریه‌تییو بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی دایک بۆ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بێبه‌رانبه‌ر و له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی پێشكه‌ش ده‌كرێن.

کۆمەڵگەی دایک بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار لەسەر ڕووبەری‌ 11 هه‌زار مه‌تر دووجا بنیات نراوە و ڕۆژی 04-04-2021 دەست  بە درووستکردنی باڵەخانەکە کراوە.  


ئەم بابەتە 74187 جار خوێندراوەتەوە