سەبارەت بە کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشـمەرگە ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکرێتەوە

پەیامی کورد   ...  سەبارەت بە کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشـمەرگە ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکرێتەوە

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ساڵانە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هاوکارییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە کە بریتین لە دابینکردنی پارە و راهێنان و ئامێر و چەک بە رێژەی ٢٥٪ کەم دەکاتەوە، واتە لە ساڵی ٢٠٢٦ هاوکارییەکان بە تەواوەتی سفر دەبنەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانیش دەبێت.

لیوا بەختیار موحەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاگەیاندووە : یاداشتنامەیەکی تێگەشتن هەیە لە نێوان پێنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمریکا) و وەزارەتی پێشـمەرگە بە ئاگاداری حکوومەتی عێراق بۆ چوار ساڵ و هەر مانگێک ٢٠ ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئامێر ومەشق و ڕاهێنان لە خۆی دەگرێت، ساڵانە هاوکارییە ماددییەکان کەم دەبێتەوە بەڕێژەی ٢٥٪، واتە لە ٢٠٢٦ دا سفر دەبێتەوە.
ووتیشی،"کەم کردنەوەکە سزا نیە، بەڵکوو بە پێی ئەو لێک تێگەشتنەیە کە هەیە لە نێوانماندا."

ئاماژەی بەوەش کرد، کەمبوونەوەی هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، کاریگەری دەبێت لە تازە بوونەوەی چەک و ئامێرەکانی پێشمەرگە، بڕینی هاوکاریەکان کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقیش.
ووتیشی،"دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو کەمبوونەوەیە بکەنەوە و پلانیان هەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەم بوونەوەیە."

یاداشتنامەی لێک تێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامدرا و لە مانگی (تشرینی دوەم/١٠)ی ٢٠٢٢ نوێ کرایەوە. بە پێی لێک تێگەشتنەکە پێنتاگۆن مانگانە ٢٠ ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و کەرەستە و تەقەمەنی جەنگی و مەشق و ڕاهێنان پێشکەش بە هێزە هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەکات و هاوکاردەبێت لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و درووستکردنی هێزی پێشمەرگەیەکی هاوبەش.


ئەم بابەتە 12013 جار خوێندراوەتەوە