سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێم بۆ نەمسا کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت
پەیامی کورد ... سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێم بۆ نەمسا کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکیتی ئەورووپا دەڵێت: سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ووڵاتی نەمسا کاریگەری زۆر باشی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت، چوونکە نەمسا ووڵاتێکە بڕوای بە چارەی ئاشتییانەی کێشەکان ھەیە.
د.دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکیتی ئەورووپا، ڕایگەیاند : سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ نەمسا زۆر گرینگە و لە خزمەتی دیپلۆماسیەت و پەیوەندی نێودەوڵەتی ھەرێمی کوردستان دایە، بەتایبەت ئەگەر بۆ خەڵکێک گرینگ بێت بۆ ئێمە گرینگترە دیپلۆماسیەتی گرینگمان ھەبێت، نەمساش ووڵاتێکی گرینگی یەکێتی ئەورووپایە لە ناوەڕاستی ئەورووپایە و کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا ھەیە، بۆیە ئەم سەردانە لەم ھەلومەرجە بۆ ھەرێمی کوردستان گرینگە و زۆر باشە و دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ووڵاتانی دیکە لەنزیکەوە گوێ لە بیروڕای بواری جیاجیای ھەرێمی کوردستان بگرن، چوونکە ناوچەکە و جیھان لە قەیرانێکی ئابووری و شەڕ و کێشەی دیکە دایە، بۆیە ئالوگۆڕی بیروڕا و دیپلۆماسیەت دەریچەیەکی چارەسازە.
د.دلاوەر ئاژگەیی ووتیشی : نەمسا یەکێکە لەو ووڵاتانەی زیاتر بڕوای بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و چارەی ئاشتییانە ھەیە، لەکاتی شەڕی سارد ڕۆڵی ھەبوو، چونکە لەڕووی جیۆپۆلۆتیکی و شوێنی هەڵکەوتنەکەی کە لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتە و ئەزموونی زۆری ھەیە و بەرپرسە سیاسییەکانیشی زانیاریان لەبارەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کورد و ھەرێمی کوردستان هەیە، سەرۆک بارزانیش پەیوەندی مێژوویی لەگەڵ نەمسا ھەیە، ئەو پەیوەندییە بۆ پێش درووستبوونی حکوومەتی ھەرێم و شەڕی ئازادی عێراق دەگەڕێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە بڕوایان بە بوونی کورد ھەیە، بۆیە سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان دەبێت و ھەرێمی کوردستانیش بەدوای ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەژیان دا دەگەڕێت، ئەو ووڵاتانەش بەدوای ئەوە دەگەڕێن، ئەمەش کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت.
ئەم بابەتە 24567 جار خوێندراوەتەوە