سەرۆكی حكوومەت بەردی بناغەی 21 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە مێرگەسۆر دانا
پەیامی کورد ... سەرۆكی حكوومەت بەردی بناغەی 21 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە مێرگەسۆر دانا
چوارشەممە، ١٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی ٢١ پرۆژەی خزمەتگوزاری تایبەت بە قیرتاوکردنی جادە و شەقام، درووستکردنی پرد، ئاو و ئاوەڕۆ، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دانا.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەم پرۆژانە خزمەت و ئاسانکارییەکی باش بە ھاووڵاتییانی گوند و شارۆچکەکانی دەڤەرەکە دەکەن و بەرنامەی حکوومەتیش ئەوە بووە کە گرینگی تەنیا بە سەنتەری شارە گەورەکان و پارێزگاکان نەدرێت، بەڵکوو کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەێنێتە ھەموو گوند و شارۆچکەکانیش بۆ ئەوەی ھەموو ھاووڵاتییانی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
ھاوکات لەبارەی دەڤەری بارزانەوە، دەڵێت: "بارزان دەڤەرێکی ستراتیژییە و مەڵبەندی سەرەکی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردستان بووە و لە ١٢٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەم دەڤەرە ڕابەرایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستانی کردووە و دەستکەوتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان بەدەسھێناوە. بۆیە دوژمنانی کوردستان ھەمیشە دژایەتی بارزان و خەڵکی دەڤەری بازرانیان کردووە، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە ھیچ جارێک سەری خۆیان بۆ دوژمن شۆڕ نەکردووە."
مەسروور بارزانی، ووتیشی: "لە ئەنجامی شەڕەکانیشدا، چەندیان جار گوندەکانی دەڤەرەکە سووتێندراون و وێرانکراون، بەڵام ھەمیشە خەڵکی ئەم دەڤەرە بە باوەڕبوون بە خوا، گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و دەڤەرەکەیان لە جاران ئاوەدانترکردووەتەوە، ھیوادارم دوژمنان ھیچ کاتێک نەتوانن ئەم دەڤەرە و ھیچ شوێنێکی کوردستان داگیر بکەن. ئەوانەی خەونیشیان بە تێکدانی بارزان یان شۆڕشی کوردستان بینیبێت ئێستا لە گۆڕدان. بۆیە بە پشتیوانی خوای مەزن، کوردستان و بارزان ھەمیشە سەربڵند و پارێزراو دەبن و ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرنامەکانمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ھەموو گوندەکانی کوردستان."
جەختی لەوە کردەوە، ئامانجێکی دیکەی حکوومەت پێشخستنی باری ئابووری و ڕەخساندنی ھەلی کارە بۆ دانیشتووانی گوندەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند وەکوو درووستکردنی کارگەی پێویست لەم دەڤەرانە، کە لەلایەک دەبێتە زیاتربوونی داھاتی خەڵک و لەلایەکی دیکەش داھاتی گشتیش زیاتر دەبێت.
ئەم بابەتە 17479 جار خوێندراوەتەوە