سەرۆكی حكوومەت : جێی شانازییە كە كەرتی پیشەسازیمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشتر دەچێت

پەیامی کورد   ...   سەرۆكی حكوومەت : جێی شانازییە كە كەرتی پیشەسازیمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشتر دەچێت

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆمپانیای سفر و کێبڵی هەولێر، مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران لە ووتارێکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ کردنەوەی کۆمپانیاکە و ووتی: ئەم کارگەیە بەشێکە لە پڕۆژەی درووستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە کوردستان.

ووتیشی: زۆر خۆشحاڵم لە کردنەوەی ئەم کارگانە کە لە ڕێگەی کۆمپانیای سفر و کێبڵی هەولێرەوە درووستکراون، هەروەها جێگەی شانازییە کە دەبینین کەرتی پیشەسازی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشتر دەچێت.

هەروا ئاماژەیدا، ئەوەی ئەمڕۆ بینیم کۆمەڵێک کارگەن کە هەموویان تەواوکاری یەکترن بۆ ئەوەی ئەو کێبڵ و وایەرانەی پێویستن درووست بکات و بخرێنە بازار بۆ سوود وەرگرتن.

هەر لە ووتارەکەیدا ووتی: لە سەردانیکردنم بۆ کارگەکان پرسیاری ئەوەم کرد کە بە چ جۆرێک ئەو کێبڵانە درووست دەکرێن و ماددە سەرەتاییەکانیان لە کوێوە دێن، دیارە زۆربەی ماددە سەرەتاییەکان لەو سیکرابانە کۆ دەکرێنەوە، کە پێشتر هەناردەی دەرەوە دەکران، بەڵام ئیستا لەم کارگەیە سوودیان لێوەردەگێرێت و وەک کێبڵێکی ئاست بەرز دەخرێتەوە بازاڕ و بە ستانداردە جیهانییەکان ئامادە دەکرێن.

سەرۆک وەزیران ووتیشی: هیوادارم ڕۆژێک کوردستان وای لێبێت لە سەرچاوە سرووشتییەکان و کانزاکانی بەردەست ماددە سەرەتاییەکان بۆ درووستکردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە بەکار بهێنێت.

هەروا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ووتی: زۆر خۆشحاڵ بووم کە بیستم سەدان هەلیکار لە ڕێگەی ئەم کارگانە رەخسێندراون و چەندین خێزان دەتوانن لەم کارگانە کار بکەن، ئەمەش بەشێکە لە درووستکردنی ژێرخانی ئابووری بەهێز لە کوردستان، کە پەرەپێدان بە کەرتی پیشەسازی یەکێک بووە لەو بەرنامانەی لە چوارچێوەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرینگیمان پێداوە.

سەرۆک وەزیران هیوای ئەوەی خواست لە حکوومەت بتوانن هاوکاری زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدەن و یارمەتیدەریش بن لەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان پارێزراو بن. ووتیشی: ئەمە ئەرکێکە لەسەر حکوومەت لە ئێستا و لە داهاتووشدا بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و هەولێکە بۆ ئەوەی گرینگی زیاتر بە پێشخستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بدەین، دەبێت پارێزگاری لەم بەرهەمانە بکرێت بۆ ئەوەی لە ئاستی ناوخۆ، ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا ڕکاربەری کۆمپاکانی دیکە کێبڕکێ بکات و بەرهەمەکانیان بە دەرەوەی ووڵاتیش بفرۆشن.

هەروەها ڕایگەیاند، خۆشحاڵم کە بیستم توانیویانە بەرهەمەکانیان بۆ چەندین ووڵات هەناردە بکەن، ئەمەش کارێکی زۆر باشە و شاهێدی ئەوە دەدات کە بەرهەمە ناوخۆییەکان لە ڕووی کوالێتییەوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدان، هیوادارم ئەم کارگانە چ ئەمەی ئێستا سەردانمان کردووە چ کارگەکانی دیکە ڕەچاوی بەرزی کوالێتی بەرهەم ناوخۆییەکان بکەن، بۆ ئەوەی بەرهەم ناوخۆییەکان لە کاستی جیهانیدا پارێزراو بن و لە هەمانکاتدا کوردستان لە ئاستی پیشەسازی دا بتوانێت سنووری هەرێمی کوردستان ببڕێت و لە هەموو شوێنێکدا کێبڕکێی کۆمپانیاکانی دیکە بکەین.

ووتیشی: ئێمە هیچمان لە خەڵکی دیکە کەمتر نییە، خوا سروشتێکی بە پیت و بە خێری پێداوین، لە خواش بە زیاد بێت خەڵکێکی زۆر بە تواناشمان هەیە، هەوڵمانداوە ئاستی زانستی لە کوردستان بەرەو پێشەوە بەرین، ئەوەی ماوەتەوە ڕێکخستنەوەی هەموو ئەو توانایانەیە بۆ ئەوەی بە یەکەوە بتوانین کارێکی وەها بکەین کوردستان لە هەموو ڕووێکەوە پێش بکەوێت.

لە کۆتایی ووتارەکەیدا، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی کۆمپانیای سفر و کێبڵی هەولێر کرد و ووتی: هیوادارام هەر سەرکەوتوو بن، ئێوەش هەر تەندرووست شاد بن، کوردستانیشمان ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاوەدانتر بێت.


ئەم بابەتە 38020 جار خوێندراوەتەوە