سەرۆكی حكوومەت كارگەی (SMC)ی بۆ بەرهەمهێنانی سرنج كردەوە

پەیامی کورد   ...   سەرۆكی حكوومەت كارگەی (SMC)ی بۆ بەرهەمهێنانی سرنج كردەوە

چوارشەممە، 10-02-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كارگەی (SMC) بۆ بەرهەمهێنانی سرنجی لە شاری هەولێر كردەوە.

لە لێدوانێکدا، سەرۆك وەزیران خۆشحاڵی خۆی لەوە دەربڕی كە دووەمین كارگەی پیشەسازی دەكاتەوە و جەختی كردەوە "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات كەمتر پێویستی بە هاوردەكردنی كەرەستەكان هەبێت". ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ یارمەتیدانی هەر وەبەرهێنەرێك دەربڕی كە بیەوێت لە كەرتی پیشەسازیدا وەبەرهێنان بكات.

ئەمەش دەقی لێدوانەکەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

خۆشحاڵم ئەمڕۆ ئەمە دووەم كارگەی پیشەسازییە كە سەردانی دەكەین، ئێرەش بۆ درووستكردنی سرنجە كە ئەمە شتێكی گرینگە لە ڕووی تەندرووستییەوە بۆ یارمەتیدانی كەرتی پیشەسازی بە تایبەتی كەرتی تەندروستی كە ئەمە كارێكی هاوبەشە و یارمەتیدەری ئەوە دەبێت كە كوردستان كەمتر پێویستی بە هاوردەكردنی مەوادەكان بێت لە دەرەوە، هەوڵ دەدەین زۆربەی ئەو کەرەستانە لەمەودوا هەر لە كوردستان درووست بكرێت بۆ بەرەوپێش بردنی كەرتی پیشەسازی و باشتركردنی كەرتی تەندرووستی، دەبێتە هۆی زیاتركردنی هەلی كار و لە ئەنجامیشدا باشتركردنی ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان و پێشخستنی كەرتی ئابووری لە هەرێمی كوردستان.

بێگومان تاكوو خەڵكی خۆمان بتوانێت لەم جۆرە كارگانە كار بكات، هەم داهات و دەرامەتیان باشتر دەبێت، هەم دەتوانن سوود لە ئەزموون و پسپۆڕی بە تایبەتی ئەم جۆرە كارانە وەربگرن و توانای زانستییان لە شوێنە جیاوازەكاندا بەرفراوان بكەن.

من دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم بۆ ئەم كارە گرینگەی كە ئەنجامیان داوە، هیوادارم هەر سەركەوتوو بن و نموونەیان زۆرتر بێت و هیوادارم هەموو وەبەرهێنەرێك، هەر كەسێك كە توانای ئەوەی هەیە بتوانێت لە كوردستان وەبەرهێنان بكات بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی، دڵنیا بن كە حكوومەت یارمەتیدەریان دەبێت و پاڵپشتیان دەبین، چ لە ئاسانكاری بۆ دامەزراندنی وەبەرهێنانەكانیان، دامەزراندنی ئەو كارگانەی دەیانەوێ كاری تێدا بكەن، چ لە پاراستنی بەرهەمەكانیان و هەم لە دۆزینەوەی ڕێگەش بۆ هەناردەكردنی بەرهەمەكانیان، تاوەكوو ئێمە بتوانین باڵانسێكی باشتر لە ڕووی بازرگانییەوە لە نێوان هەرێمی كوردستان و ووڵاتانی ترەوە درووست بكەین.

جارێكی دیكە دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هەر سەركەوتوو بن و كوردستانیش هەر ئاوەدان دەبێت.


ئەم بابەتە 38064 جار خوێندراوەتەوە