سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد

ڕۆژی یەكشەممە 25ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ماوریزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق كرد.

لەدیدارەكەدا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق كە بەبۆنەی كۆتایی هاتنی ئەركەكانی لە عێراق و بەمەبەستی ماڵئاوایی كردن، سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، جەختی لە دۆستایەتیی نێوان گەلی ئیتالیا و گەلی كوردستان كردەوە و هیوای فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولای خواست.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق خواست و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و ئیتالیا، ئەو پەیوەندییانەی بە مێژوویی و دۆستانە وەسفكرد.

بارودۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەڕەشە و پێشهاتەكانی ناوچەكە و بابەتی بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەروەها بایەخی هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری داهاتووی هەرێمی كوردستان چەند تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوون.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا میشێل كامێرۆتا كونسووڵی گشتی ئیتالیا لە هەولێریش ئامادە بوو.


ئەم بابەتە 96781 جار خوێندراوەتەوە