سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق کرد
ڕۆژی دووشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئەلینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە ستێڤ بیتنەر كونسووڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی بیستی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی دیموكراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، وێنەیەكی شاییستەی هەرێمی كوردستانی پێشانی هەموو لایەك دا.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد كە سەرباری بوونی كۆمەڵێك كێشەی تەكنیكی بەڵام ڕۆڵی بەرچاویان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێم و دانوساندنی نێوان لایەنەكان كرا و سەرۆك بارزانی هێمای بەوە دا كە پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكوومەت و ئەجێندای حكوومەتی داهاتوو پێكهێناوە و ڕاشیگەیاند كە پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە