سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد
دووشەممە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٥ لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە یان برێم، کونسووڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێریش ئامادەی بوو، ڕەوشی گشتی عێراق و دوایین پێشھاتە سیاسی و ئەمنیەکانی ناوچەکە و ھەروەھا پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ھاتنی بەڕێز مەزلووم عەبدی و شاندی دەم پارتی بۆ لای سەرۆک بارزانی خرایە بەرباس و گفتوگۆ، سەرۆک بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیانە لە تورکیا دووپات کردەوە.
لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا ئاماژە بە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی عێراق کرا، ھەروەھا جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆستایەتی مێژوویی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەرەنسا کرایەوە.
ئەم بابەتە 46 جار خوێندراوەتەوە