سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد

ڕۆژی دووشەممە 30ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئیلبرووس کوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد.

لەدیدارەكەدا كە مەكسیم ڕۆبین كونسووڵی گشتی ڕووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی ڕووسیا ستایشی ئەو سەقامگیری و ئارامییەی كرد كە لە هەرێمی كوردستان بەرقەرارە و ڕایگەیاند ووڵاتەكەی بە بایەخەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەڕوانێت. باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق هەروەها سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنفڕانسی (ڕۆڵی ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسەكان لە ناساندنی پرسی كورد و كوردستان) بە هاوبەشی و هەماهەنگی نێوان نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە ڕووسیا و زانكۆی سۆران و پەیمانگای ڕۆژهەڵات ناسی ڕووسیا.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و سووریا و دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و مەترسی و ئاڵنگارییەكانی بەردەم سەقامگیری ناوچەكە تاوتوێ كرا.

پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە بیستی ئۆكتۆبەری 2024 تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.


ئەم بابەتە 40383 جار خوێندراوەتەوە