سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد
ڕۆژی شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024 لە سەلاحەددین، سەرۆك مسعوود بارزانی پێشوازی لە فۆتۆشی ماتسۆمۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كە بەبۆنەی كۆتایی هاتن بە ئەركەكانی و ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی هەبوو و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و پڕۆسەی سیاسی عێراق و کوردستان بەرز نرخاند.
هەر لەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان و کۆڵنەدان و خۆبەدەستەوەنەدانی خەڵكی كوردستان و، سەرۆك بارزانی جەختی لەوەكردەوە، دۆزی گەلی كوردستان هەرگیز بەرەو پاشەوە ناچێت و ئەو دەستكەوتانەی كە هەن لە دەرئەنجامی قوربانیدانێكی زۆری گەلی كوردستان هاتۆتە ئاراوە و دیاریی هیچ کەس و لایەنێک نیە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ژاپۆن لە بوارە جیاجیاكان كردەوە.
بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەی نێوان سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق بوو.
ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە