سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكیتی ئەورووپا لە عێراق دەكات
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكیتی ئەورووپا لە عێراق دەكات
ڕۆژی چوارشەممە 17ی نیسانی 2024 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكیتی ئەورووپا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە پارتی دەست پێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دەستووری بووە و هەردەم ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە هەرێمی كوردستان. ئەو تێبینیانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی، بەهۆی بێ بەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاری نادەستووری یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە. پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتییەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە.
سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی درووست، چارە بكرێن و هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداری پێكهاتەكان و پێشێل نەکردنی مافەكانیان بدۆزرێتەوە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە گەرەنتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.
لە درێژەی ووتەكانیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە بە پەرۆشی یەوە هاتوونەتە سەر هێڵ و بە بایەخەوە ڕا و تێبینیەكانی پارتیان وەرگرتووە. سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت. بەڵام هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بە دڵنیایشەوە چارەكردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرینگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت. سەرۆك بارزانی هیواشی خواست كە بە بەشداری هەموو لایەنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمیسیۆنی عێراقی بتوانرێ كەم وكوڕییەكان چارە بكرێن و ڕێگە بۆ هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە و پاك و ڕوون خۆش بكرێت و چارەیەكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان بدۆزرێتەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی یەكیتی ئەورووپا لە عێراق، پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی كوردستان هەبوو و جەختی لەوە كردەوە كە یەكێتیی ئەورووپا تێبینی و سەرنجەكانی پارتی لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی هەڵبژاردن و بێبەشکرانی پێكهاتەكان بە جددی وەرگرتووە و لە نزیكەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بەدواداچوون بۆ چارەكردنی ئەو كێشانە دەكات. ڕاشیگەیاند كە هەم یەكیتی ئەورووپا و هەمیش نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەوە هاوڕان كە هەڵبژاردن بەبێ بەشداری حزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتیانە و سەركەوتوو نابێت.
ئەم بابەتە 75990 جار خوێندراوەتەوە