سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق کرد
چوارشەممە 19ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە دانیال ڕۆبنستین جێگری باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و سووریا و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا. هەروەها تیشک خرایە سەر دەرئەنجامەكانی سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها دیداری نێوان سەرۆك بارزانی و بەڕێز مەزلووم عەبدی.
پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ڕەفتاری نابەجێ و ئازاردانی جووتیارانی كورد لە پارێزگای كەركووك هێمای بەوەدا كە ئەم ڕەفتارانە دەرخەری عەقڵیەتی شۆڤێنین و دیمەنەكانی جینۆسایدی گەلەكەمان دێنێتەوە یادمان. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستە لە عێراقدا لە چوارچێوەی دەستوور كار بە پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق بكرێت.
ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە