سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی تیمی پێداچوونەوە بە ئەركی یوونامی لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی تیمی پێداچوونەوە بە ئەركی یوونامی لە عێراق کرد
ڕۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ڤۆلكەر پێرسێس سەرۆكی تیمی سەربەخۆی پێداچوونەوەی ستراتیژی بە ئەركی نێردەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یوونامی) و شاندێكی یاوەری كرد.
لەو دیدارەدا ڤۆلكەر پێرسێس ئامانجی خۆی لە سەردانی بۆ عێراق و پلانی پێداچوونەوە بە ئەرك و كارەكانی تیمەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم لە ساڵی داهاتوو شی كردەوە.
لە بەشێكی تری ئەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە لە ساڵانی ڕابردوو ڕۆڵی باشیان لە یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسی عێراق و چارەسەركردنی قەیرانەكان گێڕاوە. هەروەها سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی دەستوەردانە هەرێمییەكان لە عێراق و تووندڕەی و تاییفەگەری و قەیرانەكان و ئەو نەهامەتییانە باس كرد كە بەسەر گەلی كوردستان و گەلی عێراقدا هاتووە. داواشی كرد كە كێشە و گرفتەكانی عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێت و جەختیشی لەوە كردەوە ئامادەبوونی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەردەوامی كارەكانیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتربوونی ڕۆسەی سیاسی و بەدیهاتنی سەقامگیری عێراق و چارەسەری گرفتەكان.
بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و هەڕەشە و تەحەددیاتی بەردەم سەقامگیری عێراق و ناوچەكە تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە