سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان کرد
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان کرد
پێنجشەممە 22ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە غیبتەی پاتریارك كاردینال مار لوئیس ڕۆفائێل ساكۆ سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە هەوڵەكانی بۆ پاراستنی پێكهاتەی كریستیان و پاڵپشتیكردنی داواكارییەكانیان و پێدانی دڵنیایی بۆ گەرەنتی بوونی داهاتوویان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕاشیگەیاند كە كریستیانەكانی دەرەوەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش سوپاسگوزاری هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانین.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندی یاوەری، ڕایگەیاند كە كریستیانەكان و سەرجەم پێكهاتە ئائینی و نەتەوەییەكانی كوردستان وەك بەشێك لە گەلی خۆمان دەزانین و بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە مافەكانیان دەكەین و ئەوە لەلای ئێمە وەك پڕەنسیپێكی نەگۆڕە.
بارودۆخی سیاسی عێراق و دۆخی كەركووك و چەند بابەتی پەیوەست بە پێكهاتەكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
ئەم بابەتە 10226 جار خوێندراوەتەوە