سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسووڵی نوێی ئاڵمانیا لە هەولێر کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسووڵی نوێی ئاڵمانیا لە هەولێر کرد

ڕۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی یەكەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە كونسووڵی گشتی نوێی ئاڵمانیا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كونسووڵی گشتی ئاڵمانیا لە هەولێر پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ بەڕێوەچوونی سەركەوتوانەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و بە هەنگاوێكی گرینگی هەرێمی كوردستان بۆ قۆناغێكی تازەی ژیانی سیاسی وەسف كرد.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها هەنگاوەكانی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتی تازە ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ كونسووڵی گشتی نوێی ئاڵمانیا لە هەولێر خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و هەروەها هیوای ئەوەشی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئاڵمانیا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.


ئەم بابەتە 7734 جار خوێندراوەتەوە