سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر کرد
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 6ی تەمموزی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئۆلیڤییێ دیكۆنتینی كونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كە كونسووڵی گشتی فەڕەنسا بەبۆنەی كۆتایی هاتن بە ئەرك و كاری لە هەرێمی كوردستان و بە مەبەستی ماڵئاوایی كردن ، سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، كونسووڵی گشتی فەڕەنسا وێڕای گەیاندنی سڵاوی ئێمانۆئێل ماكرۆن بە سەرۆك بارزانی، ڕۆڵ و جێ دەستی سەرۆك بارزانی لە پاراستنی پڕۆسەی سیاسی و چارەنووسی گەلی كوردستان بە كاریگەر و سەرەكی لەقەڵەم دا. هەروەها پێزانینی زۆری بۆ خەڵكی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو و خۆشحاڵی خۆی ڕاگەیاند كە توانیویەتی لە كوردستاندا دۆستی زۆر پەیدا بكات. هاوكاتیش خەبات و قوربانیدان و ماندووبوونی گەلی كوردستانی بۆ گەیشتن بە ئازادی بەرز نرخاند. ئەوەشی خستەڕوو لە هەموو ئاستێكدا چ لەناو حكوومەت و چ لەناو خەڵك و ڕای گشتی فەڕەنسادا ویستی ئەوە هەیە كە دەبێ فەڕەنسا دۆست و پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای دووپاتكردنەوەی دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان و فەڕەنسا، سوپاسی هەوڵ و كارە باشەكانی بەڕێز ئۆلیڤییێ دیكۆتینی كونسووڵی گشتی فەڕەنسای كرد لەماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستان و بە دۆستێكی باشی خۆی و گەلی كوردستانی وەسفكرد. هەورەها هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.
بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە