سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسووڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسووڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر کرد

ڕۆژی چوارشەممە 5ی ئاداری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئادریان ئایسڵستێین كونسووڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كونسووڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە مێژووی سیاسی ناوچەكە و عێراق و دەستەبەركردنی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان هەبوو و، وێڕای ئاماژەدان بە پێگە و كاریگەری هەرێمی كوردستان ئامادەیی ووڵاتەكەشی ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبواره‌ جۆراوجۆرەكان بە تایبەتی بواری كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پاراستنی ژینگە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی هۆڵەندای كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە و پێزانینی بۆ هێزە سەربازییەكانی هۆڵەندا هەبوو كە لەشەڕی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی یارمەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە و جەختیشی لە فراوانكردنی پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان و گەلی هۆڵەندا كردەوە.

بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە و گۆڕانكارییەكانی سووریا و هەروەها هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە ئەوەی پێمان بكرێ بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە توركیا ئەنجامی دەدەین.


ئەم بابەتە 51 جار خوێندراوەتەوە