سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق کرد

شەممە 19ی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤن فەیگن هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە ستیڤن بیتنەر كونسووڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە سەقامگیری عێراق و ناوچەكە جەختی لەوە كردەوە كە ووڵاتەكەی خوازیاری هەرێمی كوردستانی بەهێزە و سەقامگیری هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی هەموو لایەكە.

هەر لەو دیدارەدا پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە توركیا و بارودۆخی سووریا خرایە بەرباس و گفتوگۆ و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و هەروەها لەیەكترنزیككردنەوەی و پتەوكردنی یەك ووتاری لایەنە كوردییەكانی سووریا هەبوو. سەرۆك بارزانیش ڕایگەیاند كە پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە توركیا لە بەرژەوەندی هەموو لایەك و ناوچەكەیە و ئێمە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیەین و چیی پێویست بێت بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە ئەنجامی دەدەین.

هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوون و شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئەمریكا پێشوازی لەو ڕێككەوتنەی دەكات كە لەنێوان هەردوو حكوومەت لەسەر مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەئارادایە.


ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە