سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا کرد
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا کرد
پێنجشەممە 23ی كانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا و ڕێكخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.
لەدیدارەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و سووریا و هەروەها مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و ڕۆڵی لایەنە كوردییەكانی سووریا لە ئاییندەی ئەو ووڵاتە و پێویستی پاراستنی سەقامگیری و پشت بەستن بە شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگی نێوان لایەنەكان كرا. پەیوەست بە ئایندەی كورد لە سووریا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و نەهامەتیەكانی گەلی كورد لە سووریا جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لایەنە كوردییەكانی سووریا پێكەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بە ئاشتی و دیالۆگ گرفتەكان چارەسەر بكەن، هەروەها سیستەمی سیاسی نوێی سووریا تێگەیشتنی بۆ بارودۆخی گەلی كورد و داواكاری و ماف و تایبەتمەندی گەلی كورد هەبێت.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی هەرێم و پڕۆسەی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم ئاڵوگۆڕ كرا و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا بەڕێوەچوونی ئارامی هەڵبژاردن و ڕێژەی بەرزی بەشداری هاووڵاتیانی هەرێم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو بە سەركەوتوو و نموونەیی وەسف كرد.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە پەیوەندی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و ئاڵمانیا كرایەوە و سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون. شاندی میوانیش ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئاڵمانیا پشتیوانی گەلی كوردستانە و لە هەموو بارودۆخێكدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێم دا لە هەماهەنگی دا دەبێت.
ئەم بابەتە 75 جار خوێندراوەتەوە