سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆك هۆزی پارێزگای ئەنبار و دەورووبەری بەغدا کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆك هۆزی پارێزگای ئەنبار و دەورووبەری بەغدا کرد

دووشەممە 26ی ئایاری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆك هۆزی پارێزگای ئەنبار و دەورووبەری بەغدا كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد كە هەردەم بەرگریكار و پاڵپشتی داواكاری و مافی پێكهاتەكانی عێراق بووە. هەروەها سوپاسی گیانی مێواندۆستی خەڵكی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و لە كاتی شەڕی تیرۆردا سەدان هەزار ئاوارەیان حەواندوەتەوە. هەر لەو دیدارەدا ئەندامانی شاندی میوان باسی بارودۆخی پارێزگای ئەنبار و هەروەها ماف و داواكاری و كێشەكانی ناوچەكانیان كرد و سەرۆك بارزانیان لە چەندین پێشنیار و داواكاری خەڵكی ناوچەكانیان ئاگادار كردەوە و داواشیان كرد لە پڕۆسەی حوكمڕانی و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا هاوسەنگی هەبێت و هەماهەنگی و برایەتی و تەبایی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق پتەوتر بكرێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان ووتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و لە ووتەكەیدا تیشک خستە سەر ئەو هەڵە و پێشێلكارییانەی كە لە دوای ڕووخانی ڕژێم ئەنجام دراون و جەختی لەوە كردەوە كە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا ئەو كات سەركەوتوو دەبێت كە هەموولایەك پابەندی دەستوور و پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی بن. لە درێژەی ووتەكەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و هەروەها هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و چۆنیەتی پاراستنی عێراق لە هەڕەشە و ئاستەنگەكان كرد.

لە بەشێكی ووتەكانیدا سەرۆك بارزانی ووڵامی پرسیار و تێبینیەكانی ئامادەبووانی دایەوە.

 


ئەم بابەتە 32 جار خوێندراوەتەوە