سەرۆك بارزانی پێشوازی کرد لە كونسووڵی گشتی نوێی ئەمریكا

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی کرد لە كونسووڵی گشتی نوێی ئەمریكا

ڕۆژی پێنجشەممە 15ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە  ستێڤ بیتنەر كونسووڵی گشتی نوێی ئەمریكا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كە مارك سترۆ كونسووڵی گشتی پێشووی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی كونسووڵی نوێی ئەمریكا هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی كونسووڵی گشتی پێشووی ئەمەریكا هەبوو لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا.

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گەل و حكوومەتی ئەمریكا كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە بە تایبەت لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ كوردستان لەدوای ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لە 1991 و ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی عێراق لە 2003 و هەروەها یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان و دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا.


ئەم بابەتە 11352 جار خوێندراوەتەوە