سەرۆك بارزانی : ڕاپەڕین پەیامێکی ڕوون بوو

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی : ڕاپەڕین پەیامێکی ڕوون بوو

سەرۆک بارزانی ساڵیادی ڕاپەرینی گەلی کوردستان پیرۆز دەکات و جەخت دەکاتەوە كه‌ لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لە بەها پیرۆزەكانی ڕاپەڕین و پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو خەباتگێڕ و ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەران و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.

ڕاپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەهاکانی گەلی کوردستان. لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و، قارەمانیەتی پێشمەرگە و یەكڕیزی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا ڕاپەڕین هاتەدی و سەركەوتنی بەدەست هێنا. ڕاپەڕین لە دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر، پەیامێکی ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت. ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت و ئەوە ئیرادە و هێزی گەلی كوردستانە كە براوە دەبێت.

لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لە بەها پیرۆزەكانی ڕاپەڕین و پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە. سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزی شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان دەنێرین، کە بە خوێنی پاكیان ئازادی و سەربەستیان بۆ گەلەكەمان هێنایە دی.

 

مەسعوود بارزانی

5ـی ئاداری 2025


ئەم بابەتە 59 جار خوێندراوەتەوە