سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بە سەردانی فەرمی لە هەولێری پایتەختە

پەیامی کورد    ...   سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بە سەردانی فەرمی لە هەولێری پایتەختە

ئەحمەد داودئۆغڵۆ، سەرۆكی پارتی ئایندەی توركیا و سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو ووڵاتە ئێوارەی پێنجشەممە بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە هەولێر، بەمەبەستی بەشداری کردن لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمریکی – کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەێندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی پێنجشەممە ئەحمەد داودئۆغلو، سیاسەتمەدار و سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆک وەزیرانی پێشوتری تورکیا و شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبوو لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری تورکیا، گەیشتنە شاری هەولێر.

ئاماژەی بەوەش كرد، شاندە توركییەكە لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئێرمان تۆبجوو، کونسووڵی گشتی تورکیا لە هەولێر و د.عەبدۆلسەلام، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیران، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازیان لێكرا. 

بەگوێرەی ڕاگەێندراوەكە، سەردانەكەی داوودئۆغڵۆ بەمەبەستی بەشداریكردنە لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمریکی – کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ هەینی، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستپێدەکات و تاکوو ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت، كۆڕبەندەكە بەبەشداری نزیکەی 124 کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمیست لە 40 ووڵاتی جیاوازە بەڕێوەدەچێت.


ئەم بابەتە 20 جار خوێندراوەتەوە