سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی : ئەوەی گرینگە ئێستا چۆن ڕووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەش وهەوا ببینەوە

پەیامی کورد   ...   سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی : ئەوەی گرینگە ئێستا چۆن ڕووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەش وهەوا ببینەوە

مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند،  ئەوەی گرینگە ئێستا چۆن ڕووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەش وهەوا ببینەوە، ئەگەر چارەی گونجاو نەبێت، مەترسی بۆ هاووڵاتییان و ناوچەکە درووست دەکات.

یەکشەممە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش وهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری و دیمۆگرافی عێراق، رایگەیاند، ئەوەی گرینگە ئێستا چۆن ڕووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە و ئەگەر چارەی گونجاو نەبێت، مەترسی بۆ هاووڵاتییان و ناوچەکە دروست دەکات.
راشیگەیاند: "لە کۆنەوە سرووشتی مرۆڤ وابووە، بەدوای ژینگەی گونجاو دەگەڕێت و بەدوای خواردن و ئاو و ئاسایشدا دەگەڕێت، بۆیە مەترسیی ژینگەیی لە ناوچەیەک کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکەش دروست دەکات. یەکێک لەو هەنگاوانە بۆ چارەسەری گرفتە ژینگەییەکان، کە مرۆڤ لە شوێنی خۆی چۆن پارێزگاری لەو سرووشتە دەکات کە گونجاو بێت بۆ ژیان، کولتووری ژینگەپارێزی زۆر گرینگە، فەرهەنگی ژینگەپارێزی گرینگە، چۆن لە کۆمەڵگە خۆمان پەرەپێبدەین و و هەوڵەکانی بەبیابانوون و لەناوچوونی دارستانەکان کەم بکەینەوە و ڕێکاری پێویست لە ئاستی جیهان پێکەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش وهەوا بنێین."
مه‌سروور بارزانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌سه‌ر دەسەڵات و حکوومەتە کار لەسەر ئەو پرسە بکات، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمێکە دەستمان بەو هەنگاوە کردووە، هاوشێوه‌ی درووستکردنی پۆند و بەندئاو، بووژانەوەی دارستانەکان و بەکارهێنانی گازی بەفیڕۆدراو به‌كارهێنانی بۆ وزە لەبری ئەوەی ژینگە پیس بکات.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، دەتوانین كاری زیاتر بکەین، بەڵام ئەو ئیمکانیاتەی لەبەردەستمانە ئەوەندەبووە، بۆیە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە کە وەبەرهێنان لەو بوارەدا بکات و کوردستان ژینگەیەکی گونجاوی هەیە کە دەست بکرێت بە هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ژینگە.
سه‌رۆكوه‌زیران دەشڵێت: "ئەوەی لەسەر ئێمە بووە، ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە و ئەوەی لە شارەکانی عێراقیش ڕوودەدات، کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و بەپێچەوانەشەوە وایە، بۆیە ئامادەی هەموو هەماهەنگییەکین لەگەڵ بەغدا، ئێمە هەنگاوی باشمان ناوە لە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی هاوکاری ئێمە بکات و بتوانێت هەنگاوەکانی ئێمە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق جێ بەجێی بکات".
دووپاتیشی كرده‌وه‌، پێویسته‌ بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک، پشت بە کەرتی کشتوکاڵ ببەستین و ببێتە سەرچاوەیەکی داهاتیش، ئێمە ئەوەمان لە هەرێمی کوردستان کردووە بەنموونە، پێش ئەم کابینەیە بەرهەمی پەتاتە 25 هەزار تۆن بووە و ئێستا گەیشتووەتە 800 هەزار تۆن، بۆیە ئەمە دەکرێت لە عێراقیش سوودی لێوەربگیرێت.


ئەم بابەتە 51842 جار خوێندراوەتەوە