سەرۆککۆماری عێراق : داوا کارم حزبەكان پەلە لە پێکهێنانی حکوومەتێکی تازە بکە
پەیامی کورد ... سەرۆککۆماری عێراق : داوا کارم حزبەكان پەلە لە پێکهێنانی حکوومەتێکی تازە بکە
هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد.
لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە ووتارەکەیدا ووتی: "پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بە بۆنەی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانەوە، هەروەها لەگەڵ پرۆسەی سەرژمێری لە کوردستان و هەموو عێراقدا."
ووتیشی، "داواکارم لە هەموو ئەو حزبانەی کە کورسی پەرلەمانیان بە دەست هێناوە، لە ڕێگەی گفتوگۆ و تێگەیشتن دانیشن و پەلە بکە، لە پێکهێنانی حکوومەتێکی تازە."
سەرۆککۆمار دەشڵێت، "هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن ڕوویان دا کۆتایی پێ بهێنین، هەموومان پێکەوە هەوڵ بدەین بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز کە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات، لە ئاستی داواکاری خەڵکدا بێت، بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن."
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەش دا، "لە ململانێی سیاسی دا تەنیا خەڵکی ووڵاتەکەمان باجەکەی دەدات و ئاشکراشە گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتێکە."
باسی لەوەش کرد، "عێراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکدا تێ دەپەڕێت، کە لەسەر هەموو لایەک پێویستە دراسەی باروودۆخەکە بکەین، پێکەوە چارەسەری گونجاوی بۆ بکەین و هەوڵ بدەین کێشەکان چارە بکەین و هەوڵ بدەین ئاشتی و ئاسایش بەردەوام بێت و بەرقەرا بێت."
لەتیف ڕەشید ڕاشیگەیاند، "ئەزموونی ناوچەکە فێری کردووین بەبێ ئەمن و ئاسایش، ناتوانرێت هیچ پێشکەوتنێک و ئاوەدانییەک بەدەست بهێنرێت، گەلانی عێراق بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەدەست ڕژێمی بەعس، کێشەی ناوخۆ، شەڕی تیرۆرەوە قوربانییەکی زۆریان پێشکەش کرد، ڕژێمەکانی پێشوو تووندوتیژییان پەیڕەو دەکرد، ئەوەشیان کردبوو بە ڕێبازی خۆیان بۆ سیاسەتی کاروباری خۆیان و دەرەوەی وڵات."
شایانی باسە نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 ووڵاتی جیاواز بەشداری کۆڕبەندەکە دەکەن، کە 73%ـیان بۆ جاری یەکەمە بەشدار دەبن، هەروەها ژمارەیەک پانێل و وۆرک شۆپ لەبارەی دۆخی ئێستای جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن.
ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە