سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کرد
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هانس ساندی، باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق کرد کە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی سەردانی کرد بوو.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵیۆزی هۆڵەندای کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی دوو لایەنە.
هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانی بەردەوامی هۆڵەندا لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پشتگیری چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵ دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی هۆڵەندا خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا، ئاماژەی بە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کرد كە ڕێژەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا دووهێندە زیاتر بووە و خواستی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و گرینگی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەم ساڵدا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ئەم بابەتە 28897 جار خوێندراوەتەوە