سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە
شەممە 3/30 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرینگی ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدرالی هەرێمی کوردستان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونەکانی پڕۆژەی ( هەژماری من ) کرا.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە ناکرێت چیتر مافەکانی پێشێل بکرێت کە لە دەستووردا زۆر بە ڕوونی دانیان پێدا نراوە.
باڵیۆزی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە ڕێگەی گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستوور دەربڕی .
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرینگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە ئێمە دوو ساڵە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین و ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردنێکی یاسایی و شەرعی و دەستوورین کە لە هەلومەرجێکی ڕەوا و پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن .
ئەم بابەتە 96424 جار خوێندراوەتەوە