سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند
دوای نیوەڕۆی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
دوای ئەوەی دۆخی کارەبای لە چەند ماڵ و شوێنێکی بازرگانی لە گەڕەکی شادی بەسەرکردەوە، سەرۆکی حکوومەت لە ووتەیەکدا ڕوونیکردەوە کە "پێش سێ مانگ، وەک قۆناغێکی ئەزموونی بۆ ئەم پڕۆژەیە، (گەڕەکی شادی) هەڵبژێردرا، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت. ئەمڕۆ سەردانی چەند ماڵ و خاوەنکارم کرد و زۆر ڕازی بوون لەوەی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە".
سەرۆکی حکوومەت ووتیشی "جگە لە گەڕەکی شادی کە وەکوو یەکەم گەڕەکی هەولێر بۆ قۆناخی ئەزموونی پڕۆژەکە پێشنیار کرا، لە قۆناخی دووەم و جێبەجێکردنی سەرتاسەری پڕۆژەکەدا، لە بەیانییەوە (گەڕەکی نازناز) و پاشانیش (گەڕەکی بەختیاری) دەچنە سەر کارەبای 24 کاتژمێری".
هاوکات لەگەڵ شاری هەولێر، ئەم خزمەتگوزارییە بۆ هەموو ناوچە و شار و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت. ئێستاش چەند گەڕەکێک لە شاری سلێمانی و دهۆک دەستنیشان کراون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بۆیە داوا لە دەسەڵاتی خۆجەیی کراوە کە هاوکار بن و ڕێکارەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لەوێ و پاشان پارێزگای دهۆک و سەرجەم کوردستان جێبەجێ بکرێت.
ئەم بابەتە 15869 جار خوێندراوەتەوە