سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد
پاشنیوەڕۆی ھەینی١٠/١١، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد بە سەرۆکایەتیی کۆنگرێسمان سێپ مۆڵتن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ستیڤ بیتنەر، کونسووڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا دەربارەی دوایین پەرەسەندن و پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە و بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
کۆنگرێسمان مۆڵتن، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەرێمی کوردستان دۆست و ھاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمریکایە لە ناوچەکە و جەختی لە گرینگی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی و ھاوکاری ئەمریکای کرد و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرینگی پشتیوانیکردن و سەرخستن و خێراترکردنی چاکسازییەکان و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە.
گرینگی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و دۆخی ئاڵۆز و شەڕ و گرژییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ئەم بابەتە 24901 جار خوێندراوەتەوە