سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشینتۆن

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشینتۆن

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشینتۆن و، بڕیارە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و کۆنگرێس ئەنجام بدات.

شەممە ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگھێشتی حکوومەتی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە واشینتۆن.

لەم سەردانەدا بڕیارە سەرۆکی حکوومەت، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئەمریکا و کۆنگرێس ئەنجام بدات. ھەروەھا لەگەڵ وەبەرھێنەران و خاوەنکارانی ئەمریکی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی دەکات.

تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، تایبەتە بە  پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی و ھاوبەشی ستراتیژی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە.

مەسروور بارزانی، ھەروەھا  بەشداری لە  گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی ووزە لە واشینتۆن دەکات بە ناونیشانی "داھاتووی وزە لە ھەرێمی کوردستان". کە ڕوانین و دیدگای ھەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە دەخاتە ڕوو و و تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکانی وەبەرھێنان لەم کەرتەدا.


ئەم بابەتە 40 جار خوێندراوەتەوە