سەرۆکی حکوومەت : ئێمە بەرنامەیەکی زۆر گەورەترمان هەیە

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت : ئێمە بەرنامەیەکی زۆر گەورەترمان هەیە

چوارشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێكدا، بەندئاوی گۆمەسپانی كردەوە و بەردی بناغەی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقوولی دانا و ووتارێكی پێشكەشی ئامادەبوان كرد و ووتی : "ئەم بەندئاوە دەبێتە هۆكارێكی زۆر باش و دڵخۆشكەر بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری لە ناوچەكە و گۆڕانی كەشوهەوا لە ناوچەكە و پەرەپێدانی سامانی ماسی و لە هەمووشی گرینگتر، دەبێتە ناوچەیەكی زۆر گرینگی گەشتیاری لە دەورووبەری هەولێر."

دەقی ووتارەكەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی هێژا زۆر زۆر بەخێر بێن

زۆر خۆشحاڵم كە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست ئەمڕۆ لێرە كۆبووینەتەوە، بۆ دوو پڕۆژەی گرینگ بۆ خەڵكی ناوچەكە و شاری هەولێر و هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان.

یەكێكیان پرۆژەی بەنداوی گۆمەسپانە كە شكور بۆ خوا تەواو بووە، بە هاوكاری و سەرپەرشتی و جێبەجێكردنی كۆمپانیای (سنك) كە لە سەرەتاوە ئەركی درووستكردنی ئەم بەندئاوەی پێ ڕاسپێردرا، دوای چەندین قۆناغ، ئێمە لەم كابینەیە بڕیاری تەواوكردنمان دا و شكور بۆ خوا، ئێستا ئێمە لێرەین لە كردنەوەی ئەم بەنداوە.

بێگومان ئەم بەندئاوە دەبێتە هۆكارێكی زۆر باش و دڵخۆشكەر بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری لە ناوچەكە و گۆڕانی كەشوهەوا لە ناوچەكە و پەرەپێدانی سامانی ماسی و لە هەمووشی گرینگتر، دەبێتە ناوچەیەكی زۆر گرینگی گەشتیاری لە دەورووبەری هەولێر كە هەموو خەڵكی دۆڵی خۆشناوەتی و ئەم دەڤەرە دەتوانن سوودی لێ ببینن.

ئەم ئاوە ئاوی بارانە و وەرزییە كە هەمیشە بەفیڕۆ دەڕۆیشت، ئێمە كە بڕیاری درووستكردنی بەندئاوەكەمان دا، چەندین بیرۆكە هەبوو كە بتوانین سوودی لێ وەربگرین. هەموومان دەزانین ئەم بەنداوانە هاوكارییەكی زۆر دەكەن بۆ جووتیارانمان لە رووی كشتوكاڵییەوە دەتوانێ سوودمەند بێت، بۆ ئاوی ژێرزەوی دەكرێ زۆر زۆر سوودمەند بێ كە ئاوی ژێرزەوی زیاد بكاتەوە، ئێمە بەرنامەیەكی زۆر زۆر گەورەترمان هەیە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری لەم ناوچەیە كە ئەویش ئێستا خەریكی درووستكردن و تەواوكردنی ماستەرپلانەكەین، هیوادارین خوا فورسەتمان پێ بدا و بتوانین بەردەوام بین لەم ئەركە و باشتركردنی دۆخی گشتی ناوچەكە بە پەرەپێدانی ئەم جۆرە پرۆژانە.

من گومانم لەوەدا نییە كە دەبێتە شوێنێكی زۆر زۆر خۆش و خەڵك دەتوانن لە هەولێر و شارەكانی تری كوردستان سەردانی بكەن. ماستەرپلانەكەم بینیوە، شتێكی زۆر نایاب و زۆر جوانە، هێشتا بە تەواوەتی نەگەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی، بەڵام كە تەواو دەبێ، ئەوكاتە یەكسەر دەست بە جێبەجێكردنی بەشەكانی ئەو ماستەرپلانەش دەكەین كە هەمووی جارێكی تر دەخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان و هەلی كاری زۆر بۆ خەڵكی ناوچەكە درووست دەكات، نەك تەنیا لە درووستكردنی پرۆژەكە، بەڵكوو لە بەردەوامبوون و بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانەی لە پرۆژەكەدا دروست دەكرێن، ئەمە هەمووی دەبێتە بەشێك لە پەرەپێدانی كەرتی ئابووری و درووستكردنی ژێرخانی ئابوورییەكی بەهێزتر، هەروەها درووستكردنی هەلی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە.

دوای ئەوەی كە ئەم دەریاچەیە درووست بووە، خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكات و دێنە ئێرە، هەندێكجار بەداخەوە رەچاوی ژینگەپارێزی ناكەن و زبڵ و خاشاكی خۆیان فڕێ دەدەن، هیوادارم هاووڵاتیان ئەوەیان لەبەرچاو بێ كە كوردستان ماڵی هەموومانە و پاراستنی ژینگەش ئەركی هەموومانە، ئەوانەی دێنە ئێرە بۆ چێژوەرگرتن، كات بەسەربردن، هیوادارم ژینگەی ئەم دەریاچەیە یان لە هەر شوێنێكی تر كە سەردانی دەكەن، بپارێزن. هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە ژمارەیەك هاووڵاتی دڵسۆز و خەڵكی ئەم دۆڵە وەكوو گرێبەست ئێستا لە ئەركدان بۆ ئەوەی یارمەتی گەشتیاران بدەن لەوەی كە پاشماوەكانی خۆیان، زبڵ و خاشاكی خۆیان فڕێ نەدەن و كۆیان بكەنەوە، هیوادارم هەموو لایەك هاوكاری یەكتر بكەین، تاكوو بتوانین شوێنێكی جوانتر و سەرنجڕاكێشتر و خۆشتر و بەچێژتر بۆ خۆمان و بۆ داهاتوو و بۆ منداڵەكان و هەموو هاووڵاتیانی كوردستانیش ئینشائەڵا دەستەبەر بكەین.

ئەمە یەكێكە لەو پرۆژە زۆر زۆر جوان و نایابانەی كە لە دەوروبەری شاری هەولێر دەستمان پێكردووە و پەرەی پێ دەدەین و گەورەتری دەكەین. جگە لەمە پرۆژەی تریش هەن كە لە چوارچێوەی سیستەمی پەرەپێدان بە گلدانەوەی ئاو و درووستكردنی بەندئاو و پۆند، لە هەندێك شوێنی تریش ئێستا خەریكی درووستكردنی ئەم جۆرە پرۆژانەین كە هەر هەموویان جارێكی تر دەخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان. هیوادارم خەڵكی هەولێر، خەڵكی شارەكانی تر، شەقڵاوەش لە پشت ئێرەیە، هەموویان لە كاتێكی نزیكدا بێن و ئیتر ئێرە ببێ بە شوێنێكی خۆشی كات بەسەربردن و چێژوەرگرتن ئینشائەڵا.

ئەمە پڕۆژەی یەكەمە، پڕۆژەی دووەم دروستكردنی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقووڵییە كە ئەویش ئەركەكەی بە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) دراوە، هەروەك خۆشتان دەزانن (هێمن گرووپ) چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژییان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، لە ماوەیەكی خێرا، بە توانایەكی باش و بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی، هەر ئەمەش وایكردووە كە ئێمە بتوانین متمانەیەكی زیاتریان پێ بكەین و ئەو جۆرە پڕۆژانە ئەوان جێ بەجێی بكەن كە بێگومان ئێمە لە تەواوكردن و جۆری كوالێتی دڵنیاین.

ئەم پڕۆژەیە بەشی یەكەمی درووستكردنی جووتسایدی گۆمەسپان بۆ سماقوولییە، بەڵام دوای ئەوە لە قۆناغی داهاتوو، ڕێگەكە بە دەوری دەریاچەكەوە دەسووڕێ، ئەمەش دیسان هەر بۆ بابەتی گەشتیاری بۆ هاووڵاتیان بەكار دێت، هەروەها بەستنەوەی ڕێگەكانیش لە لایەكەوە لە نێوان هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هەروەها بەستنەوەی هەولێر بە سلێمانی كە ئەمە دەبێتە رێگەیەكی تر بە رێگەی دۆڵی سماقووڵییەوە. ئەمە بەشێكە، بەشەكەی تر دیسان دەگەڕێتەوە بۆ كۆڕێ و هەر لەملاوە دەتوانن بچنەوە بۆ شەقڵاوە، یانیش هەر بە چیای سەفینەوە دەتوانن بچنەوە بۆ شەقڵاوە.

كەواتە درووستكردنی شەبەكەیەكی ڕێگە و بان لەم ناوچەیە، هەموو ئەو دەڤەرە جوان و خۆشانە بەیەكەوە دەبەستێتەوە. ئەم جووتسایدەی كە بە دەوری دەریاچەكەوە دەسووڕێتەوە، دواتر لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە و پلان و ماستەرپلانەیە كە بۆ ناوچەكە دەستنیشان كراوە، زۆر زۆر بە شێوازێكی جوان و سەردەمیانە درووست دەكرێ كە خەڵك هەم بتوانن بە دەوری دەریاچەكەدا بسووڕێنەوە، هەم بتوانن سەردانی ئەو شوێنانەش بكەن كە لە داهاتوودا ئینشائەڵا درووست دەكرێن لەم ناوچەیە.

بەهەرحاڵ، ئەمە بەرنامەیەكی گرنگ بووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین كەرتی گەشتیاری لە ناوچەكە بەرەو پێشەوە ببەین، یارمەتی هاووڵاتیانی خۆمان بدەین، ئێمە بتوانین بابەتی ئاو و گلدانەوەی ئاو، شتێكی زۆر زۆر گرینگە بۆ بابەتی دەستنیشانكردن یان دڵنیابوون لە ئاسایشی ئاو كە ئێمە بتوانین سوودی لێوەربگرین.

ئەم بەرنامانەی تریش كە باسم كردن، ئەمانە هەمووی ئینشائەڵا لە وەختێكی نزیكدا دەخرێنە ڕوو و سوودیان لێوەردەگرین. جارێكی تر من دەستخۆشی لە هەردوو كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم، كۆمپانیای (سەنك) بۆ درووستكردنی ئەم بەندئاوە و كۆمپانیای (هێمن گرووپ)یش بۆ دەستپێكردنی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقووڵی.

ئینشائەڵڵا كوردستانمان ڕۆژ بە ڕۆژ خۆشتر ببێت و پێشتر بكەوێت و خەڵكی ئێمەش هەر سەلامەت و تەندرووست بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.


ئەم بابەتە 17441 جار خوێندراوەتەوە