سەرۆکی حکوومەت : ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی یە

پەیامی کورد    ...   سەرۆکی حکوومەت : ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی یە

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی 34ـەمین ساڵیادی ڕاپەرینی ساڵی 1991ـی خەڵکی کوردستان بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە "مەحاڵە خەڵکی کوردستان لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی.

پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕین

لە (34)مین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. 

یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشداریان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت و لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتییشەوە، پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە ئاراوە .

ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک  زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستییە لە سەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بە هۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون ، كە مەحاڵە خەڵکی کوردستان، لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت.

شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان. 

 

مەسروور بارزانی 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 

2025/3/5


ئەم بابەتە 51 جار خوێندراوەتەوە