سەرۆکی حکوومەت : تاوەکوو 30 ساڵی دیکە هەولێر کێشەی کەم ئاوی نامێنێت
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت : تاوەکوو 30 ساڵی دیکە هەولێر کێشەی کەم ئاوی نامێنێت
یەكشەممە 8ی 9ی 2024، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر دانا.
له كاتی دانانی بهردی بناغهی ئهو پڕۆژهیهدا، مهسروور بارزانی، سهرۆكی حكوومهت، ووتارێكی گرنگی پێشكهش كرد و ڕایگهیاند، وێڕای ههموو گرفت و كۆسپهكان و دۆخی سهختی ئابووری، دامودهزگا پهیوهندیدارهكانم ڕاسپار ڕێگه چارهیهك بۆ گرفتی كهم ئاوی ههلێری پایتهخت بدۆزنهوه و دواجار بڕیارمدا كه ئهم بابهته چیتر دوانهكهوێت و داوام كرد ئهم پڕۆژهیهی ئێستا وهك پڕۆژهیهكی فریاگوزاری خێرا بۆ چارهسهری كێشهی كهم ئاوی پایتهخت دهست پێبكات.
سهرۆكی حكوومهت، ئاماژهی بۆ ئهوهش كرد، پڕۆژهی فریاگوزاری خێرای گهیاندنی ئاو، تا نزیكهی 30 ساڵی داهاتوو كێشهی كهم ئاوی له ههولێر ناهێڵێت.
ئهمهش دهقی ووتارهكهی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستانه :
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێر بێن.
زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناخەی یەكێك لە پێویست ترین و گرینگترین پڕۆژەكانی كوردستان. شاری هەولێری پایتەخت چەندەها ساڵە لە وەرزی هاویندا كێشەی كەمئاوی هەیە. چەندین ساڵە بڕیار بوو كە كۆمپانیایەكی بیانی پڕۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێ بكات، بەڵام تا ئێستا ئەو كۆمپانیایە نەیتوانیوە بەپێی گرێبەست، هەنگاوی كردەیی بۆ دەستپێكردنی پرۆژەكە بنێت. بۆیە لەم دوو ساڵە دوای پەتای كۆرۆنا و وێڕای هەموو گرفت و كۆسپەكان و دۆخی سەختی ئابووری، دامودەزگاكانی پەیوەندیدارم راسپارد كە لە زووترین كاتدا ڕێگەچارەیەك بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە. بۆیەش لە دوا هەنگاودا بڕیارم دا كە ئەم بابەتە چیتر دوانەكەوێت و داوام كرد ئەم پڕۆژەیەی ئێستا وەك پڕۆژەیەكی فریاگوزاری خێرا بۆ چارەسەری كێشەی كەم ئاوی پایتەخت دەست پێ بكات.
لە نزیكەوە ئاگاداری خەمی هاووڵاتیانی چەندین گەڕەكی هەولێر بووم كە گرفتی كەمئاوییان هەبوو. پارێزگا و شارەوانییەكان هەموو هەوڵێكیان دا تاكوو بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئاو بۆ ئەم گەڕەكانە دابین بكەن. بەداخەوە هەندێك لایەن هەوڵیان دا كە كێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەكانی خەڵك بكەن بە كەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. كێشەی كەمئاوی بە چەند تەنكەرێكی ئاو چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێویستە پڕۆژەیەكی وەك ئەمە بخرێتە گەڕ كە ئاوی زێی گەورە بگەێنێتە شاری هەولێر.
ئەم پرۆژەیە بە قەبارەیەك ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر كە تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە، هەولێر كێشەی كەم ئاوی نامێنێت. داوام كردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەكەكانیش رێك بخرێتەوە، تاكوو بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، بتواندرێت ئاو بە هەموو گەڕەكەكانی هەولێر بگەێندرێت.
هەروەها بڕیارم داوە پڕۆژەیەكی دیكەی ئاو بۆ سنووری قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری دەستپێبكرێت، كە ئاو لە زێی بچووك دەگەێنێتە ئەو دەڤەرە. بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانەش، بە سەدان بیری ئاو دادەخەین، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی. هەروەها داوام كردووە هەرچی زووترە كار لەسەر پڕۆژەی ریسایكلی ئاو، واتە بەكارهێنانەوەی ئەو ئاوە بكرێت كە لە شاری هەولێر دەردەچێت، بەم جۆرەش هەم ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین، هەمیش ئەو ئاوە بۆ بواری پاك و سەوزایی بەكار دێتەوە.
ئێمە هەست بە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر دەڤەرەكەمان دەكەین، بۆیەش لەپێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەمان، دەستمان بە دروستكردنی چەندین بەنداو بە قەبارەی جیا كردووە و لەم هەنگاوانەش بەردەوام دەبین تاوەكوو بە گلدانەوەی ئاو، بتوانین پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بدەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت پەرە بە كولتوور و هۆشیاری چۆنیەتی بەكارهێنان و پاراستنی ئاو بدەین. بەداخەوە ڕێژەی بەكارهێنانی ئاو بۆ یەك تاكەكەس لە هەرێمی كوردستاندا زۆر لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە. بۆیە دەبێت سیستەمی پەروەردە و ڕێكخراوەكانی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵكی رەچاوی ئەوە بكەن كە زیادەڕەوی لە بەكارهێنانی ئاودا نەكەن.
بەڕێزان ئەم پڕۆژەیە بە سوپاسەوە لە لایەن كۆمپانیای باوەڕپێكراوی ناوخۆ واتا (هێمن گرووپ) جێبەجێ دەكرێت كە تا ئێستا كارەكانیان لە ڕووی خێرایی و كوالێتی جێگەی پەسەند بووە. تا ئێستا خۆم دووجار لەگەڵیان دانیشتووم و بەدواداچوونی دیزایین و چۆنیەتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەم كردووە و بەردەوامیش دەبم لە بەدواداچوونی كارەكانی ئەم پڕۆژە گرنگە، لەو باوەڕەشدام كە لە كاتێكی گونجاودا ئەم پرۆژەیە دەخرێتە خزمەتی پایتەختی هەرێمی كوردستان.
ئێستاش كە لە ڕێگە دەهاتین، من ئەم هەموو ئامێرانەم بینی، دەزانم كە بە شێوەیەكی بێوێنە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) دەستی داوەتە جێبەجێ كردنی ئەم پڕۆژەیە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بتوانین كێشەی كەم ئاوی هەولێر جێبەجێ بكەین و ئەو پڕۆژەیە ئینشائەڵا لە ماوەیەكی كورتدا تەواو دەبێت و خەڵكی هەولێری خۆشەویست سوودمەند دەبن لە بەكارهێنانی ئاو و چیتر خەمی كەمئاوییان نابێت.
جارێكی دیكە سوپاسی هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەكەم، هەر سەلامەت و تەندرووست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
ئەم بابەتە 74491 جار خوێندراوەتەوە