سەرۆکی حکوومەت رەزامەندی بۆ بە هەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی ڕاگەیاند

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت رەزامەندی بۆ بە هەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی ڕاگەیاند  

دوا بەدوای بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست و ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە ژمارە (140) لە 25ـی 9ـی 2024، ڕەزامەندی لەسەر بە هەمیشەیی کردنی تەواوی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان درا.

دوای بڕیارەکانی کۆبوونەوەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و، ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە ژمارە (140) لە 25ـی 9ـی 2024، هاوکات بۆ بەرژەوەندی تەواوی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمەکە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری بە هەمیشەی بوونیانی دا.

لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست دا هاتووە، فەرمانبەرانی گرێبەست، بەپێی ئەو مەرج و پێداویستی و پێوەر و ڕێکارە یاساییانەی کە لە حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەم بابەتە جێبەجێ دەکرێت، دەبنە هەمیشەیی.

هاوکات تێچووی دارایی بە هەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، هەمان تەرخانکراوی ئێستایان دەبێت کە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا پەسەند کراوە، وەک تەرخانکراوی دارایی میلاکی فەرمانبەرانی گرێبەست کە تۆماری بایۆمەترییان ئەنجام داوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفین، هەروەها سوود لە پلەی چۆلی وەزیفی بەهۆی جووڵەی میلاکاتەوە وەردەگیرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕادەسپێردرێت بۆ گشتاندنی ئەو مەرج و پێداویستی و پێوەر و رێکارە یاساییانەی کە لە حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست جێبەجێ دەکرێت، هەروەها سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانی وەزارەت پێویستە لیستی ناوی فەرمانبەرانی گرێبەست بەرز بکەنەوە بۆ وەزارەتی دارایی کە مەرجەکانی ئاماژەپێدراویان تێدایە، بە ڕەچاوکردنی تەرخانکردنی دارایی پەسەندکراو لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست، بە مەرجێک نەبێتە هۆی بارگرانی دارایی زێدەکی.

لە کۆتا خاڵی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە کراوە، لە دوای ساغبوونەوەی شایستەبوونی فەرمانبەری گرێبەست بۆ هەمیشەیی بوون بە پێی بڕگەکانی ئەم بڕیارە، وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی لە چوارچێوەی لیستی مووچەی وەزارەت یان لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت ئامادە دەکات و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات، بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی.

چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست، بۆ ئەم مەبەستە هەریەک لە سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ووردەکاری ئەو بڕگەیەیان بە زانیاری و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستە ڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە.

هەروەها ئاماژە بە ڕەوایی داوایان بۆ بەهەمیشەیی بوون لەسەر میلاکی گشتی کرا، بە تایبەتی کە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ کراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخان کراوی مانگانەیان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵ ەوە پەسەند کراوە.

ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکوومەتی فیدراڵ لەم بارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردران کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراوی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.


ئەم بابەتە 13062 جار خوێندراوەتەوە