سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەم ئەنجوومەنەی کرد
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەم ئەنجوومەنەی کرد
یەکشەممە 5/12، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەی کرد، لە دوای ئەوەی یاسای ئەنجوومەنەکە و پەیڕەوی ناوخۆی کەوتە بواری جێبەجێکردن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی ئامانجەکانی ئەنجوومەنەكه کرا، کە بریتین لە کارکردن لە پێناوی پاراستنی کوالیتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی برەودان بە کولتووری هەڵسەنگاندن بە ڕەچاوکردنی میکانیزم و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە دوای گونجاندنی لەگەڵ بارودۆخی هەرێم بە جۆرێک کە شیاوی جێبەجێکردن بن بە ئاراستەی بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و زانستی دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی خوێندن.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، ئامانج و هەنگاو و ستاندارد و پلانەکانی دەستەی متمانەبەخشین بە پرۆگرام و ناوەندەکانی خوێندن خرایە ڕوو لەبەر تیشکی پەیڕەوی پەسەندکراوی ئەنجوومەنەکە.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی باڵا بڕیاری دا بە پێکهێنانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و دەستنیشانکردنی ئەندامەکانی دەستەکە، پاشان ئەمینداری گشتیی دەستەکە دەستنیشان کرا و پلان و ستراتیژ و سیاسەتی کاری دەستەکە پەسەند کرا، کە بڕیارە لە دەستپێکی کارەکانی دەستەکە چەند زانکۆ و قوتابخانە و ناوەندێکی خوێندنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی، وەک پرۆژەی تاقیکاری بخرێتە بەردەم پرۆسەی متمانەبەخشین و جێبەجێکردنی ئامرازەکانی پێداچوونەوە بەگوێرەی پێوەرەکان، بۆ دەستەبەری نایابی ئەکادیمی و پەروەردەیی بە پاڵپشتی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
ئەم بابەتە 51843 جار خوێندراوەتەوە