سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ جانشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆبووەوە

پەیامی کورد    ...   سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ جانشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆبووەوە

سێشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەحرەین، لە شاری مەنامە، لەگەڵ میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی کردنەوەی کونسووڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە - هەولێر لە داهاتوودا تاووتوێ کرا.

جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەحرەین دەربڕی و ئامادەیی ووڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەحرەینی کرد و خواستی پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنەی لە بوارەکانی جێی بەرژەوەندی هاوبەش، بە تایبەتی بنیاتنانی ژێرخان و چاکسازیی دارایی و بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی سووریا و ناوچەکە بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرا.


ئەم بابەتە 125 جار خوێندراوەتەوە