سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە

مەسروور بارزانی و ئەنتۆنیۆ گوتێرێش کۆبوونەوە و جەختیان لە ڕێزگرتن لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.

لەمیانەی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، دۆخی گشتی عێراق و کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان کرایەوە.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ستایشی ھەوڵەکانی د.محەممەد حەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی UN و بەرپرسی (یوونامی) لە عێراق کرد بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی عێراق.

گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی غەززە و بە تایبەتی دۆخی سووریا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە بوو.

ھەردوولا ھاوڕابوون لە سەر گرینگی بەردەوامبوونی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامی لە سووریا.


ئەم بابەتە 77 جار خوێندراوەتەوە