سەرۆکی حکوومەت لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات بەڵێنی خۆی بەجێ گەیاند
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات بەڵێنی خۆی بەجێ گەیاند
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٤٥٠ پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە ١٧ملیار دۆلار لە تەواوی سێکتەرەکان مووڵەتیان پێ دراوە، بەشی زۆری پڕۆژەکان جێبەجێ کراون و ئێستا بەرھەم بۆ ناوخۆ و عێڕاق و دەرەوەش دەخەنە ڕوو، دەستەی وەبەرھێنانیش باس لەوە دەکات، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی خۆی لە فرەچەشن کردنی داھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان بەجێ گەیاندووە.
بەپێی ئامارێکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مووڵەت بە زیاتر لە ٤٥٠ پڕۆژەی سێکتەرە جیاوازەکان بە سەرمایەی زیاتر لە ١٧ملیار دۆلار دراوە، زۆرترین پڕۆژی مووڵەت پێدراویش لە سێکتەری پیشەسازی بووە کە ١٢٢ پڕۆژەیە بە سەرمایەی ٣ملیار و ٥٠٠ملیۆن دۆلار، دواتر کەرتی بازرگانی دێت، مووڵەت بە ١١١پڕۆژە دراوە، بە سەرمایەی زیاتر لە ملیارێک دۆلار، دواتریش کەرتی گەشتیارییە، ٥٧ پڕۆژە مووڵەتی پێدراوە بە سەرمایەی زیاتر لە ٧ملیار و ٥٠٠ملیۆن دۆلارە، دواتر کەرتی نیشتەجێ بوونە کە ٤٩ پڕۆژە مووڵەتیان پێدراوە بە سەرمایەی زیاتر لەچوار ملیار دۆلار، دواتریش سێکتەری پەروەردە و فێرکردن و کەرتی کشتوکاڵ دێت.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ووتی: سەرەڕای بارودۆخ و ئالنگارییەکانی ناوچەکە و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە مانگی ئۆکتۆبەردا، توانراوە مووڵەت بە ٢٦ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە کەرتە جیاوازەکان بە سەرمایەی نزیکەی ٧٠٠ملیۆن دۆلار بدرێت، سەرجەم ڕێکارە کارگێڕی و یاسایەکانیشیان تەواوکردووە. جەختیشی کردەوە: تا کۆتایی ئەمساڵ زۆرترین مۆڵەت بە پڕۆژەی وەبەرھێنان دەدرێت.
لەم بارەیەوە بەرگەشت ئاکرەیی ووتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستانیش ووتی : لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە فرەچەشن کردنی داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دراوە، بە کرداریش ئەوە سەلمێندراوە، ئێستا لەڕێگەی زۆر کارگەی ناوخۆیی بەرھەم لە ناوخۆ بەرھەم دێت و بۆ عێراق و دەرەوەش دابین دەکرێت، چوونکە کابینەی نۆیەم گرینگی زۆری بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری و بازرگانی داوە، ئەمەش وای کردووە لەڕێگەی ئەو کەرتانە بەرھەمی ناوخۆ زیادبکرێت و دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییان بڕەخسێت، چوونکە لەم کابینەیە توانراوە لەڕێگەی پڕۆژەکانمانەوە ١٣٥ھەزار ھەلی کار بڕخسێندرێت، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فرەچەشن کردنی داھات و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی بە خەڵکی ھەرێمی کوردستانی داوە سەرکەوتوو بووە، ئەمەش پێمان دەڵێت سەرۆکی حکوومەت لە فرەچەشن کردنی داھات و بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری بەھێز بەڵێنی خۆی بەجێ گەیاندووە.
ئاکرەیی ووتیشی : پێشتر تەنیا پشت بە یەک سەرچاوە دەبەسترا ئێستا پشت بە چەندین سەرچاوەی داھات دەبەسترێت، ئەویش لەڕێگەی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە، پڕۆژەکانی لە سەردەمی کابینەی نۆ ئەنجامدراون زۆربەیان پێش وادەی خۆیان تەواوکراون، ئەوانەی پێشتریش وەستابوون دووبارە دەستپێکراوەتەوە، ھەر پڕۆژەیەکیش کەمتەرخەمی تێدا بێت مووڵەتی ھەڵدەوەشێندرێتەوە و دەدرێتە وەبەرھێنەرێکی دیکە، ئەمەش وای کردووە پڕۆژە لە زاخۆ تا دەگاتە هەڵەبجە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت.
ھەر لەم بارەیەوە، سەربەست خدر، بەڕێوبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە ١/٨/٢٠٠٦ تا ٣١/١٠/٢٠٢٤، ھەزار و ٢٧٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ٧١ملیار و ٤٥٢ملیۆن و ٩٧ھەزار و ٢٠٠دۆلار مووڵەتی پێدراوە، کە ٥٥٦ پڕۆژە بەسەرمایەی ٤٤ملیار و ٥٤٢ملیۆن و ٨٧٧ھەزار و ٣٣١دۆلار لە هەولێر بووە، ٦ پڕۆژەش بە سەرمایەی ٤١ملیار و ١٧ملیۆن و ٨٦٧دۆلار لە هەڵەبجە بووە، لە گەرمیانیش ٤٩ پڕۆژە بەسەرمایەی ٩٨٨ملیۆن و ٧٤٧ھەزار و ٤٧٢دۆلار جێبەجێکراوە، لە ڕاپەڕین ٣٠ پڕۆژە بە سەرمایەی ١٧٦ملیۆن و ٤٤١ھەزار و ٦٤٢دۆلار، لە سلێمانییش ٢٧٦پڕۆژە بە سەرمایەی ١٨ملیار و ٢٦٣ملیۆن و ٧٥٣ھەزار و ٨١٥دۆلار، لە سۆران ١٦ پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٧٧ملیۆن و ٤٣٤ھەزار و ٤٦٨دۆلار، لە زاخۆ ٤٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ٨٧٨ملیۆن و ١٠١ھەزار و ١٤٦دۆلار و لە دھۆک ٢٩٧ پڕۆژە بە سەرمایەی ٦ملیار و ١٨٣ملیۆن و ٧٢٣ھەزار و ٤٥٩دۆلار جێبەجێ کراون.
سەربەست خدر ووتیشی: مووڵەت بە ٢٥٣ پڕۆژەی بازرگانی، ٦ پڕۆژەی بانکەکان، ٧٨ پڕۆژەی تەندرووستی، ٣٢٦ پڕۆژەی پیشەسازی، ١٦ پڕۆژەی خزمەتگوزاری، ٢٠٢ پڕۆژەی گەشتیاری، ٤ پڕۆژەی گەیاندن، ٣ پڕۆژەی گواستنەوە، ٧٤ پڕۆژەی فێرکردن، ٤٥پڕۆژەی کشتوکاڵ، ٢٢٦ پڕۆژەی نیشتەجێ بوون، ٥ پڕۆژەی ھونەری و ٣٤پڕۆژەی وەرزشی دراوە.
دەشڵێت: کۆی پڕۆژەی وەبەرھێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، ٤٩ پڕۆژەن بە سەرمایەی ١٠ملیار و ٦٨ملیۆن و ٩٧٥ھەزار و ٧٠٠دۆلار کە ووڵاتانی نیووزلەندا، میسر، لوبنان، کوێت، فەرەنسا، چین، سوید، سووریا، ڕووسیا، جۆرجیا، تورکیا، بەریتانیا، ئیمارات، ئیران، ئەمریکا و ئاڵمانیا ئەنجامی دەدەن.
ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە