سەرۆکی حکوومەت لە نزیکەوە چاودێریی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کرد
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت لە نزیکەوە چاودێریی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کرد
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوامین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت.
جەختیشی کردەوە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەین و بە هاوکاری کەرتی تایبەتیش، کار دەکەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراک.
سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، سایلۆی قوشتەپەی لە قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەت بەشەکانی سایلۆکەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە چاودێری وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کرد. پاشان لە ووتەیەکدا ئاماژەی بە گرینگی درووستکردنی سایلۆکان کرد وەک بەشێک لە کارنامەی حکوومەت لە بواری بایەخدانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی هەرێمی کوردستان و کارکردن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان و خوشحاڵین کە ئێستا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان کۆگای وەرگرتنەوەی گەنم و دانەوێڵە هەیە.
سەرۆکی حکوومەت ووتیشی: کشتوکاڵ بنەما و شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستانە و ئێمە دەمانەوێت جووتیارەکانمان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچن. ئەمساڵ بیستمان ڕێژەی بەرهەمی دانەوێڵەمان زیاتر بووە و لە گفتوگۆ و پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت کە تا ڕاددەیەکی بەرچاو هەندێک شتیان قبوڵ کردووە بەس لە ئاستی خواستی ئێمەدا نەبووە.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جووتیارانی کوردستان دەکات و بە هاوکاری کەرتی تایبەتیش ، کار دەکەین بۆ پێش خستن و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
سایلۆی قوشتەپە بە تێچووی 21 ملیار و 276 ملیۆن و 835 هەزار دینار لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە درووست کراوە و توانای هەڵگرتنی 40 تۆن گەنم و دانەوێڵەی هەیە.
ئەم بابەتە 28237 جار خوێندراوەتەوە