سەرۆکی حکوومەت و کۆنگرێسمان واڵتز پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکایان تاوتوێ کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت و کۆنگرێسمان واڵتز پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکایان تاوتوێ کرد

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری دەستنیشان کراوی ئاسایشی نیشتمانی لە حکوومەتی داھاتووی ئەمریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد و باسیان لە دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد.

ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان و مایکل واڵتز کۆنگرێسمانی ئەمریکی، کە بەم دواییە لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکاوە، وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان کرا، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە، چەندین بابەتیان تاوتوێ کرد.

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچە کران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرایەوە.

سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی لە کۆنگرێسمان واڵتز کرد بە بۆنەی دەستنیشان کردنی و ستایشی تێگەیشتنی قووڵی ئەوی لە بابەتە ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە کرد. هەروەها بیروڕایان لە بارەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا ئاڵوگۆڕ کرد و هەردوولا جەختیان لە گرینگی گۆڕانکاری دیموکراسییانە و پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە کردەوە.

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە ڕۆڵی گرینگی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە لە ناوچەکە و پابەندبوون بە بەها و ئامانجە هاوبەشەکانی ئاشتی و ئاسایش. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرینگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی سەقامگیری.


ئەم بابەتە 77 جار خوێندراوەتەوە