سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی دووسایدی ڕێگەی ( سپیلک-خەلیفان )ی کردەوە
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی دووسایدی ڕێگەی ( سپیلک-خەلیفان )ی کردەوە
چوارشەممە 10/9، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، پرۆژەی دووسایدى ڕێگەی سپیلک - خەلیفان و دەروازەى خەلیفان-ی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت لە ووتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژە گرینگە، هاوکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دەکات و دەبێتە هۆی بەستنەوەی ناوچە جیاوازەکان بەیەکەوە و ئاسانکاریش بۆ خەڵک دەکات، کە بتوانن لە ڕووی سەلامەتی و کەمکردنەوەی کاتیشەوە سوودی لێ وەربگرن.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە ئەمە بەشێکە لەو هەڵمەتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لەم ماوەیەدا لە هەموو کوردستان، هەوڵیداوە ڕێگە و شەقام درووست بکات و ئاست و کواڵێتیان باشتر بکات.
ووتیشی، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم کە لە کاتێکی زۆر خێرادا و بە شێوازێکی پێشکەوتوو، توانیان پڕۆژەکە ئەنجام بدەن. هەروەها سوپاسی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیریش دەکەین کە بە پەرۆشەوەن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین هەموو ڕێگاکان لە سەر ئاستی کوردستان بە شێوازێکی زۆر پێشکەوتوو و کواڵیتیەکی بەرز درووست بکەین.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە کە کار دەکەین بۆ ئەوەی هەموو پاڕێزگا و شار و گوندەکان بەیەکەوە ببەستینەوە، تا هاووڵاتییان چیتر کێشەی هاتووچۆ و سەلامەتی ڕێگەوبانیان نەمێنێت و ئەو شوێنانەی کە تاکوو ئێستاش، جادە و شەقامەکانیان دروست نەکراون، لە بەرنامەدان جێبەجێ بکرێن.
ئەم بابەتە 27342 جار خوێندراوەتەوە