سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازی کردنی لە شاندێکی ئەمریکی لەلایەن جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا، سوپاسی هەوڵ و کارکردنە بەردەوامەکانی کرا لەبارەی سەرخستنی چاکسازییەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (١١ـی تەمموزی ٢٠٢٤) مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد بە سەرۆکایەتی دانیێل شاپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ژەنەڕاڵ جۆل ڤاوڵ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و نیکۆل سۆفتنێس بەڕێوبەری کاروباری عێراق و سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.
جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا، پشتیوانی ووڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرینگ و ستراتیژی ئەمریکایە و خواستی ووڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری هاوکاری و هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بوو، لەمبارەیەوە، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا، سوپاسی هەوڵ و کارکردنی بەردەوامی سەرۆکی حکوومەتی کرد بە ئاراستەی سەرخستنی چاکسازییەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و بە تایبەتی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکا نیشاندا و جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
ئەم بابەتە 21491 جار خوێندراوەتەوە